ئینگلتەراگرنگترین

نیوکاسڵ گورزێکی دیکەی کوشندەی بەرکەوت

پێکان بەرۆکیان بەرنادات...

یاریگا –

نیوکاسڵ یونایتد گورزێکی دیکەی کوشندەی بەرکەوت، نیک پۆپی گۆڵپارێزی بۆ ماوەیەکی زۆر لەدەستدا.

شەممەی رابردوو، لە یارییەکانی گەڕی چواردەی پرێمەرلیگ، نیوکاسڵ لە یاریگای خۆی میوانداری مانچێستەر یونایتدی کرد، یارییەکەشی بە تاکە گۆڵێکی ئانتۆنی گۆردن بردەوە.

بەڵام لە خولەکی 86ـی یارییەکە، نیوکاسڵ هەواڵێکی ناخۆشی پێگەیشت، کاتێک پۆپی گۆڵپارێزی سەرەکی تیپەکە، بەهۆی پێکانێکی سەخت لە شانیدا یاریگای جێهێشت و مارتن دوبراڤکا هاتە جێگای.

کەمیک لەمەوبەر رۆژنامەنووسی رۆژنامەی تەلەگراف، مایک مەکگراس ئاشکرایکرد، نیک پۆپ بەهۆی ئەو پێکانە سەختەی لە یارییەکەی مانچێستەر دووچاری بوو بۆ ماوەی 4 بۆ 5 مانگ لە یاریکردن دادەبڕێت.

بەو هۆیە بەشێیکی زۆری یارییەکانی ئەم وەرزە بۆ گۆڵپارێزە ئینگلیزەکە کۆتایی هات و ناوبراو بە ئەگەرێکی زۆر تا گەڕەکانی کۆتایی ناگەڕێتەوە بۆ یاریکردن.

پێکانەکەی پۆپی تەمەن 31 ساڵان گورزێکی کوشندەی دیکەیە بۆ یانەکەی، کە لەم وەرزە بەدەست زنجیرەیەک پێکان دەناڵێنن. تا ئێستا بەهۆی پێکان 11 یاریزانی تیپەکە لە یاریکردن دابڕاون.

نیوکاسڵ یونایتد لەم وەرزەی پرێمەرلیگ لە 14 یاریدا خاوەنی 8 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و 4 دۆڕانە، بە کۆکردنەوەی 26 خاڵیش پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button