ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

16 گەشتی بێ بەرهەم؛ ئەمشەو سیمیۆنی لە بارسێلۆنا کۆتایی بە کابووسەکەی دەهێنێت؟

ئەمشەو ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتە میوانی بارسێلۆنا

یاریگا –

دیێگۆ سیمیۆنی لەوەتەی بووەتە راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەرگیز نەیتوانیوە لە یاریگای کامپ نوو لە بارسێلۆنا بباتەوە، ئێلچۆلۆ گەشبینە بەوەی لە یاریگا کاتییەکەی بارسێلۆنا کۆتایی بە کابووسەکەی بهێنێت.

لەوەتەی ساڵی 2011 دیێگۆ سیمیۆنی لە کامپ نوو لە بارسێلۆنای نەبردووەتەوە

لەوەتەی دیێگۆ سیمیۆنی بووەتە راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، گەرچی نازناوی لالیگای بۆ یانە مەدریدییەکە بەدەستهێناوە و دوو جاریش یانەکەی گەیاندووەتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێلچۆلۆ نەیتوانیوە گرێکوێرەی بارسێلۆنا بکاتەوە و لە هەرێمی کەتەلۆنیاوە بە سەرکەوتوویی بگەڕێتەوە مەدرید.

سیمیۆنی لەکۆی 16 سەردانی بۆ یاریگای کامپ نوو هیچ بردنەوەیەکی لەدژی بارسێلۆنا بەدەست نەهێناوە و لە نۆ یاریی تووشی شکست بووە، راهێنەرەکەی رۆخی بلانکۆس دڵی بەوە خۆشە ئەمشەو یارییەکەیان لە کامپ نوو ناکرێت، کە ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە.

دوایین بردنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەدژی بارسێلۆنا لەسەر خاکی کەتەلۆنییەکان رۆژی 05/02/2006 بوو، ئاتلێتی لە لالیگا ئەوکات لەناو کامپ نوو 3-1 لە بارسێلۆنای بردەوە. کەچی لەدوای ئەو بردنەوەیە 17 ساڵە ئاتلێتی نەیتوانیوە لە کامپ نوو لە بارسا بباتەوە.

لەو ماوەیەی کامپ نوو لە ئاتلێتی بووەتە گرێکوێرە، 24 یانەی جیاواز لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئیسپانیا سەردانی ئەو یاریگایەیان کردووە و بردنەوەیان بەدەستهێناوە.

ئامارەکانی دیێگۆ سیمیۆنی لە کامپ نوو
ئامارەکانی دیێگۆ سیمیۆنی لە کامپ نوو

سیمیۆنی بەرامبەر بلاوگرانا هێندە خراپیش نییە

گەرچی سیمیۆنی لە سەردانەکانی بۆ شاری بارسێلۆنا بە سەرکەوتوویی نەگەڕاوەتەوە، بەڵام ئەو راهێنەرە ئارجێنتینییە لە چامپیۆنزلیگ دوو جار بارسای لە پاڵەوانێتییەکە کردووەتە دەرەوە، ساڵی  2014 و 2016 بارسا لەسەر دەستی چۆلۆ لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، سیمیۆنی لە مەدرید لە هەردوو ساڵدا لە بارسای بردەوە.

سیمیۆنی لەکۆی 34 یاری بەرامبەر بارسێلۆنا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان تەنیا پێنج بردنەوەی بەدەستهێناوە، لە 11 یاریی یەکسانبوون و لە 18 یاریش دۆڕاوە.

لە کاروانی راهێنەرایەتی خۆیدا هیچ یانەیەک هێندەی بارسێلۆنا لە سیمیۆنی نەبردووەتەوە، بلاوگرانا 18 یاریی لە دیێگۆ بردووەتەوە و ریال مەدریدیش دووەم زۆرترین بردنەوەی بەرامبەر راهێنەرە ئارجێنتینییەکە بەدەستهێناوە و 17 بردنەوەی بەدەستهێناوە.

https://www.facebook.com/Yariga/videos/1037196274180601/

 

 

بابەتی زیاتر

Back to top button