ئیسپانیاگرنگترین

چارەنووسی چوار یاریزانی ریال مەدرید بۆ یارییەکەی گرانادا یەکلایی بووەوە

دووانیان ئامادەن بۆ یاریکردن

یاریگا –

کێپا ئاریزابالاگا لە مەشقە بە کۆمەڵەکانی ئەمڕۆی یانەکەی دەرکەوت، بەشداری یاری داهاتووی ریال مەدرید لە بەرامبەر گرانادا دەکات.

کێپا لە مەشقەکانی پێش یاری بەرامبەر پراگا لە چامپیۆنزلیگ و بەر لە یارییەکانی نێودەوڵەتی تووشی پێکان بوو، بەو هۆیە بەشداری چوار یاری رابردووی یانەکەی نەکردووە.

بەڵام گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداری مەشقەکانی ئەمڕۆی کردووە، بەپێی رۆژنامەی ئاس، ئاریزابالاگا بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر گرانادا ئامادە دەبێت، بەڵام یاریکردنی بەشێوەی سەرەکی یاخود یەدەگ لە دەستی کارلۆ ئانچێلۆتیدایە.

هەروەها مۆدریچ، کە لە یاری بەرامبەر کادیز، لە خولەکی 70 تووشی پێکان بوو، هەرچەندە یەکەمجار بوو لەم وەرزەدا لە پێکهاتەی سەرەکی یاری بکات. ئەستێرە کڕواتییەکە بەشداری لە یاری رابردووی یانەکەی لە بەرامبەر ناپۆلی نەکرد.

لوکا هەر بەهۆی ئەو پێکانە بەشداری مەشقەکانی ئەمڕۆی یانەکەی نەکرد، بۆیە بۆ یارییەکەی سبەی ئامادە نابێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال بێتیس ئامادەبێت.

لەلایەکی دیکە بێڵینگهام لە مەشقەکانی ئەمڕۆ لە پاژنەی پێی هەستی بە هەندێک ئازار کردووە، بۆیە بە تەنیا مەشقی کردووە، دواتر چیمەنی یاریگای جێهێشتووە و لە هۆڵی وەرزش یانەکە درێژەی بە مەشقەکانی داوە.

بەڵام کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانە ئیسپانییەکە، کەمێک لەمەوبەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، بێڵینگهام باشە و بەشداری یارییەکەی سبەی دەکات.

بێڵینگهام باشە، لە پاژنەی پێی هەندێک هەستی بە ئازار کرد و ماندووە، نەمانویست مەترسی لەسەر درووست بکەین، بەڵام بۆ یارییەکەی سبەی ئامادە دەبێت

هاوکات ئاردا گولەری تورکی ئەمڕۆش بەشداری مەشقەکانی مێرێنگی کردووە، بەڵام بەشدار نەبووە لە مەشقە بە کۆمەڵەکان، بە تەنیا لەسەر چیمەنی یاریگا مەشقی کردووە و هێشتا بۆ یاریکردن ئامادە نییە.

ئەستێرە لاوەکە، لەم وەرزە تووشی چەند پێکانێکی جیاواز بووە، تا ئێستا نەیتوانیووە بەشداری هیچ یارییەکی یانەکەی بکات، مەدریدیش نایەوێت ئەمجارە پەلە لە گەڕانەوەی بکات تا یاریزانەکە بە تەواوی بۆ یاریکردن ئامادە دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button