ئیتاڵیاگرنگترین

پاولۆ ماڵدینی: دەمتوانی چامپیۆنزلیگ بۆ میلان بەدەستبهێنمەوە بەڵام نەیانهێشت

"تکایە رێز لە میلان بگرن"

یاریگا –

پاولۆ ماڵدینی، بەڕێوبەری هونەری پێشووی یانەی ئەیسی میلان راگەیاند، بەهۆی دوورخرانەوەی لە پۆستەکەی، میلان لە نازناوی چامپیۆنزلیگ بێبەشبووە.

پاولۆ ماڵدینی لە نوێترین چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی ریپوبلیکا چەند بابەتێکی گرنگی وروژاند، ئاماژەی بەوەشکردووە، خاوەنەکانی میلان داوای پلانێکیان لێکردووە بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، پلانەکەی ئامادەکردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە، چونکە پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەی درابوو.

گرنگترین لێدوانەکانی ماڵدینی:

هێشتا میلانم خۆشدەوێت بەڵام یانەکە پێویستە پارێزگاری لە کەسانی وەک من بکات و متمانەیان پێبکات، فورلانی پێی گوتم بودجەیەکی کەممان هەیە بۆ مێرکاتۆی هاوینە… بەڵام دوای ئەوەی یانەکەم جێهێشت، بودجەکە دوو هێندە زیادیکرد.

تکایە، رێز لە مێژووی میلان بگرن. ئێستا یانەکە بۆردێکی نوێی هەیە، بەڵام کەسانێکن هیچ بیرۆکەیەک یاخود هیچ رێزێکیان بۆ ناسنامەی میلان نییە.

ساڵی 2021 هەموو هەوڵێکمان دا مێسی بگوازینەوە، دەمویست بیگوازمەوە، پەیوەندیمان پێوە کرد، و ماندوو بووین بەڵام وەک بیرۆکەیەک مابووەوە… تەنیا لەبەر ئەوەی لیۆناردۆ گوتی پاریس سانجێرمان لە پێشمانە و ئەوان نزیکن لە گواستنەوەی مێسی.

خاوەنەکانی میلان داوای پلانێکیان لێکردم بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، منیش پلانەکەم ئامادەکرد، بەڵام وەڵامیان نەدامەوە، چونکە پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەم درابوو.

رەخنەکانم لە گرێبەستی دی کیتێلاێر دەگیرا، بەڵام هێشتا لەبیرمە کە لیاو، بن ناسڕ، تیۆ هێرناندێز لە سەرەتادا بەکەم سەیردەکران.

هەموو هەوڵێکمدا تۆنالی لە یانەکە بهێڵمەوە، بەڵام فرۆشتیان بە نیوکاسڵ. کاتێک لە بریشیا بوو 1/5ی بودجەی یانەکەم تەرخانکرد بۆ گواستنەوەی، لەگەڵ خاوەنەکانی یانەکە و یاریزان دۆزەرەوەکانیشمان بوو بە شەڕمان، چوونکە دژی گواستنەوەی تۆنالی بوون.

ئەیسی میلان لە سەردەمی پاولۆ ماڵدینی گەشەسەندنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی، دوای ساڵانێکی زۆر توانیان شادبنەوە بە بەدەستهێنانی نازناوی سێریا ئەی، وەرزی رابردووش گەیشتنە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە هاوینی رابردوو بەشێوەیەکی لەناکاو لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button