ئیسپانیاگرنگترین

خەڵاتەکانی وەرزی رابردووی لالیگا دابەشکران؛ بارسێلۆنا زۆربەی خەڵاتەکانی بەدەستهێنا

ئیمانۆل خەڵاتی باشترین راهێنەری خولەکەی بەدەستهێنا

ئاندرێ تێرشتیگن خەڵاتی باشترین یاریزان و گۆڵپارێزی وەرزی رابردووی لالیگای بەدەستهێنا.

لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترینەکانی وەرزی رابردووی لالیگا کە لەلایەن رۆژنامەی مارکای ئیسپانییەوە دابەش دەکرێت، یاریزانانی بارسێلۆنا زۆربەی خەڵاتەکانیان بەدەستهێنا.

مارک ئاندرێ تێرشتیگن گۆڵپارێزی بارسێلۆنا خەڵاتی دێ ستیفانۆی بۆ باشترین یاریزانی خولەکە بەدەستهێنا، لە هەمان کاتدا خەڵاتی زامۆرای بۆ باشترین گۆڵپارێزی خولەکەشی بردەوە.

ئیمانۆل راهێنەری ریال سۆسیداد خەڵاتی میگێل مانۆزی بۆ باشترین راهێنەری خولەکە بەدەستهێنا، کە وەرزی رابردوو پلەی چوارەمی بۆ سۆسیداد بەدەستهێنا و یانەکەی گەیاندە چامپیۆنزلیگ.

جگە لە تێرشتیگن، پێدری یاریزانی لاوی بارسێلۆنا خەڵاتی باشترین یاریزانی لالیگای بە دەنگی هاندەران بەدەستهێنا، ناوەڕاستکارە لاوەکەی بارسا دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە پەیامێکی بۆ گاڤی نارد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست کە بەهۆی پێکانەوە تا کۆتایی ئەم وەرزە بێبەش دەبێت.

خۆسێلۆ هێرشبەری پێشووی ئیسپانیۆل و ئێستای ریال مەدرید، خەڵاتی زارای بۆ باشترین هێرشبەری ئیسپانی لە خولەکە بەدەستهێنا، کە وەرزی رابردوو لە لالیگا 16 گۆڵی لە خولەکە تۆمارکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button