ئیتاڵیا

فرانچیسکۆ تۆتی: دەبێت سوپاسی مۆرینیۆ بکەین

یاریگا –

لە چاوپێکەوتنێکدا فرانچیسکۆ تۆتی، ئەفسانەی یانەی رۆما و هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، باسی لە دۆخی ئێستای مۆرینیۆ لە رۆما و گەڕانەوەی بۆ ئەم تیپە کرد.

تۆتی لە پرۆگرامێکی کەناڵی بۆبۆ تیڤی لە رادیۆی سێریا ئەی، بۆچوونی خۆی لەسەر هەندێک بابەت خستەڕوو.

ئاستی رۆما لەم وەرزەدا؟

سێ خاڵ بەرامبەر لێچی زۆر گرنگ بوو. بە بردنەوەیان بەرامبەر لازیۆ، دەیانتوانی بەرەو پلەی چوارەم سەرکەون. بەرامبەر لازیۆ ئاستێکی باشیان پێشکەش نەکرد، بەشی پێویست لێدانیان بەرەو گۆڵ نەبوو. رۆما توانایەکی زۆری هەیە و دەتوانێت لەم جۆرە یارییانەدا گۆڵ تۆمار بکات. ئەوان چانسێکی زۆر باشیان هەیە بۆ ئەوەی بگەنە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە و دوای ماوەیەکی زۆر بگەڕێنەوە چامپیۆنزلیگ.

ئاستی مۆرینیۆ لە رۆما؟

مۆرینیۆ یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان. لە رووی ئامارەوە لەگەڵ ئەنچیلۆتی زۆرترین نازناوی بەدەستهێناوە. لە ماوەی دوو ساڵدا گەیشتە دوو یاری کۆتایی و کۆنفرانسلیگیشی بەدەستهێنا. ئەم ئامارە لە مێژووی رۆمادا بێ وێنەیە. لەماوەی ئەو 25 ساڵەی کە لەوێ بووم هەرگیز ئەمە رووی نەداوە. تەنها بۆ ئەمە پێویستە سوپاسی مۆرینیۆ بکرێت. وەک هەوادارێک سوپاسی دەکەم بۆ ئەم دەستکەوتانە.

ئەگەر ئەمساڵ بگەینە چامپیۆنزلیگ ئەوە خەیاڵی دەبێت. بەڕای من پێویستە راهێنەرە گەورەکان لە تیپە گەورەکاندا بن و مۆرینیۆ دەبێت لەسەر کورسی یەدەگی رۆما بێت. ئەگەر بمێنێتەوە من دڵخۆش دەبم، ئەگەر بڕوات هیوادارم راهێنەرێکی تری شایستە بێتە جێگاکەی.

دۆڕانی رۆما لە یاری کۆتایی یۆرۆپالیگ؟

رەنگە پێیان وابێت شێتم، بەڵام پێم باشە بچمە 10 یاری کۆتایی و هەموویان لەدەست بدەم نەک هەرگیز نەگەمە ئەوێ. تەنها ئەو کەسانە دەتوانن لەم هەستانە تێبگەن کە یاری تۆپی پێیان کردووە. دەمەوێت بگەمە یاری کۆتایی، ئەگەر دۆڕام رێزم لێ بگرن.

رۆما لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان؟

پێویستمان بە گرێبەستی ئامانجدار و گرنگە ئەویش یاریزانانی یانە گەورەکانن. ئەگەر هەموو ئەم یاریزانانە کۆبکرێنەوە، دەتوانرێت ببینە چوارەم باشترین یانە. گۆڕانکاری لە ئاراستەی تیمەکە پێویستە، بەڵام دەزانم کە کاری تیمەکە لە پەنجەرەی مانگی یەکدا قورس دەبێت.

گەڕانەوە بۆ رۆما؟

پەیوەندی پەیوەستە بە هەردوو لایەنەوە. لە لایەکی ترەوە دەستپێشخەرییەک نییە، بەڵام من هەمیشە ئامادەم ئەگەر پێویستیان پێم بوو هەموو شتێکم دەدەم بۆ رۆما، وەک هەمیشە.

تۆتی لە ماوەی کاروانی وەرزشیدا بۆ ماوەی 25 ساڵ درێسی ژمارە 10 ئەو یانەیەی لەبەر کردووە و بەشداری لە 786 یاریدا کردووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button