عێراقکوردستانگرنگترین

یانەی هەولێر چارەنووسی عەباس عوبێد یەکلا دەکاتەوە

سەرچاوەیەک لەناو یانەکە قسە بۆ یاریگا دەکات

یاریگا –

یانەی هەولێر سەرەڕای دەستپێکە خراپەکەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە بیر لە گۆڕینی عەباس عوبێدی راهێنەری یانەکە بکاتەوە.

ئەنجامەکانی سەرەتای ئەم وەرزەی یانەی هەولێر بە دڵی هاندەرانی یانەکە نین، یانەکەی قەڵاومنارە لەکۆی چوار یاریی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، تەنیا بردنەوەیەکی بەدەستهێناوە، تووشی دوو دۆڕان بووە و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە و بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی دوازدەمی خولەکە دێت.

سەرچاوەیەک لەناو یانەی هەولێر لەبارەی دەنگۆیەکانی دوورخستنەوەی عەباس عوبێد بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند:’لە سۆشیاڵ میدیا دەنگۆیەکی زۆر لەبارەی گۆڕینی راهێنەر بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئێمە متمانەی تەواومان بە عەباس عوبێد و دەستەی راهێنەرانی یانەکەمان هەیە، بەهیچ شێوەیەک بیرمان لە گۆڕینی راهێنەر نەکردووەتەوە، بەڵکو پشتیوانی دەستەی راهێنەران دەکەین و هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی پشتیوانیان بین’.

هەروەها سەرچاوەکەی یاریگا لەناو یانەی هەولێر راشیگەیاند :’جارێک تەنیا چوار گەڕ تێپەڕیوە و هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە بیر لە گۆڕینی راهێنەر بکەینەوە، پێویستە لەم کاتەدا هاندەرانمان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی تیپەکەمان بکەن’.

هەولێر لە دوایین یاریی خۆی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق 2-1 بە شوڕتە دۆڕا، لە گەڕی دووەمیش بۆیەکەمجار لە مێژوودا 2-1 بە قاسم دۆڕا، لە دەستپێکی خولەکە لەگەڵ نەفتی میوانی یەکسان بوو، لە یاریگای خۆیشی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە کارەبای میوانی بردەوە.

هەولێر لەکۆی ئەو چوار یارییەی ئەنجامیداوە، پێنج گۆڵی لێکراوە و تەنیا چوار گۆڵی کردووە، شێرکۆ کەریم دوو گۆڵی کردووە، یاسین سامیە (پێناڵتی) گۆڵێكی کردووە و زیدان عەبدولجەباریش گۆڵێکی تۆمارکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button