ئینگلتەرا

یاریزانێکی پێشووی مانچێستەر یونایتد: کریستیانۆ باشترین یاریزان نییە

یاریگا –

ئەنتۆنی ئیلانگا، یاریزانی باڵی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین یاریزان نییە کە لەگەڵیدا یاریی کردبێت.

ئیلانگا لە ساڵی 2021 لە ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە تیپی یەکەمەوە کرد و دەرفەتی ئەوەی هەبوو شانبەشانی رۆناڵدۆ یاری بکات و ئەزموونێکی زۆر بەدەستبهێنێت.

لە گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا بڕیاریدا مانچێستەر یونایتد جێبهێڵێت و پەیوەندی بە نۆتینگام فۆڕێستەوە کرد بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتری هەبێت بۆ یاری کردن لەم تیپەدا و لێهاتوویی خۆی لە یاریگادا پیشان بدات.

ئەم یاریزانە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی سەبارەت بە یاریکردنی شانبەشانی ئەستێرەکانی یونایتد گوتی:

زۆر شت لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ فێربووم کە باشترین یاریزانی جیهانە. هەروەها لە برۆنۆ فێرناندز و رافایل ڤاران و کاسمیرۆ ئەزمونی زۆرم وەرگرت. دەتوانم ناوی هەموو یاریزانانی ئەم تیپە بهێنم چونکە هەموویان یاریزانی ئاستی جیهانین و نەک تەنها بەهۆی ئەوەی لەناوەوەی یاریگادا دەیکەن، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی یاریگاشدا کەسایەتی تایبەتیان هەیە و دەزانن چۆن ئاگاداری خۆیان و بارودۆخە باشەکانیان بن.

سەبارەت بە باشترین یاریزان گوتی:

دەمەوێت بڵێم مارکوس راشفۆرد باشترین یاریزانە کە یاریم لەگەڵ کردبێت. هەموو سیفەتێکی پێویستی هەیە، خێرایی، لێهاتوویی، لێدان، تەواوکردن، شێوازی یاریکردنی وەرزی رابردوو خەیاڵی بوو. لە دەرەوەی یاریگاش زۆر نایابە و چەندین جار لە دۆخە سەختەکاندا یارمەتیم داوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button