ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

مارك گۆیو ئەو یاریزانەی گۆڵی بردنەوەی بەرامبەر بلباو كرد كێیە؟

یاریگا

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە یاری بەرامبەر ئاتلێتیك بلباو بەشداری بە بەهرەمەندێكی نوێ كرد كە بوویە هۆكاری بەدەستهێنانی سێ خاڵی گرنگ بۆ یانەكەی.

شەوی رابردوو بارسێلۆنا لە یاریگای تایبەت بە خۆی میوانداری ئاتلێتیك بلباوی كرد و یاریەكەشی بە ئەنجامی گۆڵێكی بێ وەڵام لێ بردەوە.

مارك گۆیو لە خولەكی 79ی یارییەكەدا هاتە نێو یاریگا لە جێگای فێرمین لۆپێز و لە دوای تەنیا 23 چركە لە هاتنە ناوەوەی تاكە گۆڵەكەی بارسێلۆنای تۆمار كرد.

مارك گۆیو، هێرشبەری بارسێلۆنا و گەوهەرە نوێیەكەی لاماسیا كێیە؟

مارك گۆیو لە 4-1-2006 لە هەرێمی كەتەلۆنیا لەدایك بووە، لە سەرەتایی وەرزی 2013/2014 لە ئەكادیمیای لاماسیاوە دەستی بە یاریكردن كردووە، بۆ یەكەمجار لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023 بۆ تیپی یەكەم بەرزكرایەوە.

گۆیو وەك هێرشبەر یاری دەكات، هەروەها گۆڵكاری یۆرۆی خوار 17 ساڵان بوو كە لە مانگی یەكی رابردوودا یارییەكانی ئەنجامدرا.

هێرشبەرەكەی بارسێلۆنا لە ئامادەكارییەكانی یانەكە بەرامبەر ڤیسێل كۆبی یاری كرد، كە لە جێگای رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی هاتە نێو یاریگا.

بەڵام یەكەم بانگهێشتكردنی بۆ لیستی یاریزانە بانگهێشتكراوەكانی بارسێلۆنا بۆ یارییەكی فەرمی بەرامبەر گرانادا بوو لە هەفتەی نۆیەمی لالیگا، یارییەكە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بۆ هەردوولا كۆتایی هات و گۆیو لەو یارییەدا بەشداری نەكرد.

بەشداریكردنی بۆ هەفتەی دەیەمی لالیگا دواخرا كاتێك لە خولەكی 79 هاتە ناوەوە و لەیەكەم بەركەوتنی لەگەڵ تۆپەكەدا توانی گۆڵی بردنەوە و تاكە گۆڵی یارییەكە بكات.

ڤیدیۆ: ساتی هاتنە ناوەوە و گۆڵەكەی:

ئاهەنگگێڕانی گۆیو دوای گۆڵەكەی: 

دیارترین دەسكەوتەكانی مارك گۆیو:

گۆیو ریكۆردێكی ناوازەی شكاند كاتێك گۆڵی یەكەمی بەرامبەر بلباو كرد و بوو بە خێراترین یاریزانی بارسێلۆنا گۆڵ بكات لە یەكەم دەركەوتنیدا لە دوای 23 چركە.

هەروەها لە یۆرۆی خوار 17 ساڵان ئاستێكی بەرزی پێشكەشكرد و توانی لە 12 یاریدا 8 گۆڵ بكات.

لێدوانەكانی گۆیو لە دوای یەكەم گۆڵی بە درێسی بارسێلۆناوە:

لاماسیا کاردەکات و بەهرەمەندێکی زۆر دروست دەکات بۆ ئەوەی بگاتە ئەم قۆناخە، تا ئێستا سەیری مۆبایلەکەمم نەکردووە و پێموانییە ئەمشەو بتوانم بخەوم.

زۆر دڵخۆشم بەو شتەی کە روویدا، هەروەها سوپاسگوزارم بۆ ئەو دەرفەتەی کە پێمدرا بۆ بەشداریکردن، دڵخۆشم کە سەرکەوتوو بووم لە سوودوەرگرتن لێی بە کاریگەرترین شێوە.

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا سەبارەت بە بەشداریپێكردنی گۆیو ووتی:

کاتێک تووشی پێکانێکی زۆر بووین، پێویست بوو سەیری لاماسیا بکەین.

ویستم پشت بە مارک گۆیو ببەستم، چونکە توانایەکی نایابی هەیە بۆ گۆڵکردن و منیش پشتم پێ بەست بۆ ئەوەی ئەو گۆڵە بەدەستبهێنم، ئەویش لە کاتی خۆیدا بوو.

بارسێلۆنا بە كۆكردنەوەی 24 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی لالیگا دێت و بە جیاوازی خالێك لە دوای ریال مەدڕیدی پێشەنگ و جیرۆنای دووەمەوە دێت.

ساتی هاتنە ناوەوەی مارك گویۆ لە جێگای فێرمین لۆپێز
مارك گۆیو ساتی تۆماركردنی گۆڵەكەی
مارك گۆیو، ساتی تۆماركردنی گۆڵەكەی
ئاهەنگگێڕانی مارك گۆیو
ئاهەنگگێڕانی مارك گۆیو
مارك گۆیو لەگەڵ ئەو تۆپەی یەكەم گۆڵی لەگەڵ بارسێلۆنا پێكرد

بابەتی زیاتر

Back to top button