ئیسپانیا

راهێنەرانی ریال مەدرید: ئەم دوو ئەستێرەیە نابێت بەیەکەوە یاری بکەن

یاریگا –

راهێنەرانی ریال مەدرید دژی بیرۆکەی یاری پێکردنی تۆنی کرۆس و لۆکا مۆدریچن لە یەک کاتدا لە هێڵی ناوەڕاستی ئەم تیپەدا.

لە کۆتایی وەرزی رابردوودا مۆدریچ و کرۆس گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید نوێکردەوە تاوەکوو وەرزێکیتریش لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادە بن. ئەم دوو یاریزانە لە چەند وەرزی رابردوودا پارچەی سەرەکی یانەی ریال مەدرید بوون و رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە سەرکەوتنەکانیان لە چامپیۆنزلیگ و لالیگادا، بەڵام دۆخەکە لەم وەرزەدا بۆ ئەوان جیاوازتر بووە لە چاو چەند ساڵی رابردوو.

بەهۆی ئامادەبوونی چوامێنی و فێدریکۆ ڤالڤێردی و ئێدواردۆ کاماڤینگا لە هێڵی ناوەڕاست و ئاستی باشیان وایکردووە ئەم دوو یاریزانە کەمتر لە یاریگادا بن و دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەستێرە کرواتییەکە لەم بارەوە رازی نییە و تەنانەت دەنگۆی جێهێشتنی یانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا دەبیسرێت.

ئێستا بڵاوکراوەی ئیسپانی ریڤۆلۆ بڵاویکردووەتەوە کە بەڕێوەبەرانی ریال لەگەڵ بیرۆکەی یاریکردنی مۆدریچ و کرۆس لە یەک کاتدا لە پێکهاتەی ئەم تیپەدا نین و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ماوەی ئەم دووانە لە هێڵی ناوەڕاستی ریال کۆتایی هاتووە. شکستیان بەرامبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دژایەتییە.

ئەوان لە گفتوگۆ لەگەڵ کارلۆ ئەنچێلۆتی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە چوامینی و کاماڤینگا و ڤاڵڤێردی داهاتووی ئەم تیپەن و پێویستە تا دەتوانن لە پێکهاتەی سەرەکی دابن و نابێت دەستکاری هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button