ئیسپانیا

کارلۆ ئانچێلۆتی لەگەڵ یاریزانەکانی لەسەر ناوبژیوان هاوڕا نیە

یاریگا-یاری نێوان ریاڵ مەدرید و سیڤیلیا بە ناڕەزایەتییەکی زۆری یاریزانانی مێرەنگی کۆتایی هات لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوان بەڵام راهێنەرەکەیان هاوڕا نیە.

لە چەند دیمەنێکی گوماناویدا ریکاردۆ بورخۆس لە دژی مەدرید بڕیاریدا ، لە نێویاندا هەژمار نەکردنی لێدانێکی سزا بۆ ڤینیسیوس، ئەمەش وایکرد زیاتر لە جارێک یاریزانانی مەدرید بە گژ ئەو ناوبژیوانەدا بچنەوە. پاش یارییەکی توندوتیژ هەردوولا بە خاڵێک رازی بوون و بە بەرامبەربوون یاریگایان جێهێشت.

لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە، پرسیاری ئاستی ناوبژیوان لە کارلۆ ئەنچلۆتی کرا و ئەویش وتی “ئاستی ناوبژیوانم بەدڵ بوو، لە یارییەکی هێندە توند و پڕ رووداودا سەرجەم بڕیارەکانی بە دروستی دا، گاڵتەتان لەگەڵ ناکەم و بەڕاستیمە”.

لە پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە رۆدریگۆ کە لەم یارییەشدا گۆڵی تۆمارنەکرد، ئەنچلۆتی وتی”رۆدریگۆ یەکێک بوو لە باشترین یاریزانەکان و زۆرترین هەلی گۆڵکردنی هەبوو، ئەو شكستی نەهێنا لە  یارییەکە چونکە هەوڵی دەدا و هیوادارم لەسەر ئەو ئاستە بەردەوام بێت”.

بەم ئەنجامە سەرەڕای لەدەستدانی دوو خاڵ، ریاڵ مەدرید بە پێشەنگی رووبەرووی بارسێلۆنا دەبێتەوە لە هەفتەی داهاتووی لالیگا.

بابەتی زیاتر

Back to top button