ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

وردبینی لە قسەکانی سەڵاح لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و حەماس

یاریگا و ئاتلێتیک –

دواجار محەمەد سەڵاح بە ڤیدیۆییەکی کورت داوای گەیاندنی هاوکاری بۆ غەزە کرد.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەزە، جیهانی عەرەبی چاوی لە ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهانییە، تاوەکو لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانیان کاریگەری لەسەر رای گشتی دروست بکەن.

محەمەد سەڵاح، بەردەوام لە پلاتفۆڕمەکانی خۆی، وێنەی گەشت و کەیفوسەفای خۆی و خێزانەکەی بڵاودەکاتەوە، بەڵام ئەمجارە جیاواز دەرکەوت و لە ستایڵێکی پۆرترەیتدا، سەیری کامێرای کرد و باسی وەستاندنی شەڕی کرد.

سەڵاحی تەمەن 31 ساڵان، هیچ لایەنێکی بە تاوانکارییەکان تاوانبار نەکرد، بەڵکو پەیامەکەی زۆر سادەبوو، داوای گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەزە کرد و دووپاتیکردەوە، رۆحی هەموو مرۆڤێک پیرۆزە.

ئەستێرە میسڕییەکە بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی جیهان دادەندرێت و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەوادارانی وەرزشی هەیە و توانیویەتی بچێتە نێو قوڵایی رۆژئاواییەکان. سەڵاح زۆر وریایانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکەدا کرد، چونکە بە سیمبولێکی جیهانی عەرەبی دادەندرێت، بە تایبەت لە میسڕ.

فشارێکی زۆر لەسەر سەڵاح هەبوو، تاوەکو پاڵپشتی لە خەڵکی غەزە بکات، چونکە بەشێک لە یاریزانانی دیکەی موسڵمان بە جۆرێک لە جۆرەکان پاڵپشتی خەڵکی غەزەیان کرد، بەڵام سەڵاح دواکەوت و سەرەڕای ئەمەش، ڤیدیۆییەکەی لە ماوەی 17 کاتژمێردا، زیاتر لە 138 ملیۆن بینەری هەموو، ئەمەش کاریگەری ئەستێرەکە دیاری دەکات و ئێستا تەنیا لە تویتەر، ژمارەی بینینی گەیشتووەتە 172 ملیۆن.

لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، هێرشێکی فراوان کرایە سەر سەڵاح و بەشێکیان پێیان وابوو بە ژیری دەستکرد کراوە. پێدەچێت سەڵاح زیاتر لە جارێک ڤیدیۆکەی تۆمار کردبێت، تاوەکو سیمای نیگەرانی بە تەواوی پێوە دیاربێت.

لە دوای تەواوبوونی ئەرکی نیشتمانی لەگەڵ هەڵبژاردەی میسڕ، سەڵاح گەڕایەوە لیڤەرپوول و یەکەم کۆبوونەوەشی لەگەڵ نوێنەرەکەی بوو، تاوەکو باسی پەرەسەندنە خێراکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.

بە هۆی فراوانبوونی شەڕەکە و جیاوازی ژمارەی قوربانیان، سەڵاح زۆر بە وریایی وشەکانی هەڵبژاردووە، ناخی کارەکە بریتیبوو لە دەرخستنی بەهای مرۆڤ و سەرنجدانان لەسەر پاراستنی ژیانیان، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک دیاری بکات.

بەر لە پۆستکردنی ڤیدیۆکە، سەڵاح رێژەیەکی زۆری پارە و بەرهەمی خۆراکی لەڕێگەی هیلالی سووری میسڕییەوە بەخشییە خەڵکی غەزە، دواتر لە ڤیدیۆکەشدا داوای گەیاندنی هاوکاری بەپەلەی کرد.

سەڵاح هۆشیاری تەواوی میدیایی هەیە و دەزانێت چۆن پارێزگاری لە ناوبانگی خۆی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بکات، چونکە ئەو کەسایەتییەی دروستکردووە، ئاوا بە ئاسانی دروستنەکراوە، تاوەکو بە پۆستێک هەمووی لەبار ببات.

ئەستێرە میسڕییەکە لەگەڵ لیڤەرپوول، مێژووێکی گەورەی لە تۆپی پێی ئەوروپا بۆ خۆی و مێژووی یاریزانانی عەرەب دروستکردووە و بێگومان، سەڵاح باشترین یاریزانی عەرەبە لە جیهان.

ئێستا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناخێکی سەختی سیاسی و ئایینی گەورەدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بەرپرسیارەتی گەورەی خستووەتە ئەستۆی سەڵاح و بە ئەستێرەکانی دیکەی عەرەب و موسڵمان بەراورد دەکرێت.

باسم یوسف، گەورە پێشکەشکاری کۆمێدی میسڕی قسەیەکی هەیە بەردەوام دەیڵێتەوە، کاتێک بەهاری عەرەبی دەستیپێکرد، کاروانی وەرزشی سەڵاح کەوتەڕێ.

لە میسڕ تەنیا باسم یوسف وەک ناوبانگی بە سەڵاح بەراورد دەکرێت. کاتێک ئیخوان موسلمین دەسەڵاتی میسڕیان گرتەدەست، باسم بە شۆی کۆمێدی، رەخنەی توندی لە حکومڕانی وڵاتەکە دەگرت، لە ساڵی 2013 بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام و محەمەد مورسی، سەرۆکی ئەوکاتی میسڕ، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو.

باسم یوسف
باسم یوسف، پێشکەشکاری بەناوبانگی میسڕی

کاتێک مورسی و ئیخوان لە دەسەڵاتی میسڕ لادران، باسم یوسف سەرنجی خۆی لەسەر عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی ئێستای میسڕ دانا. بە گوێرەی راپۆرتەکانی ئەوکاتە، باسم یوسف برایە بەردەم دادوەر و لە ترسی دەستگیرکردن، میسڕی جێهێشت و لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە میسڕ، تەنانەت ئامادەی بۆنەی کۆچی دوایی باوکیشی نەبوو.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، باسم یوسف بەشداری بەرنامەی بەناوبانگی پیرس مۆرگان، پێشکەشکاری تۆک تیڤی بوو، بە شێوەیەک قسەکانی بوونەتە ترێندی چەند رۆژی رابردووی سۆشیال میدیا.

گرژییەکانی ئێستای نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر میسڕ هەیە، نەک تەنیا لەبەرئەوەی غەزە هاوسنووری میسڕە، بەڵکو مەترسی ئاوارەبوونی خەڵکی غەزە بۆ بیابانی سینا لە ئارادایە.

لە چەند رۆژی رابردوودا، قسەکانی باسم یوسف لە بەرنامەی تۆک تیڤی، ستایشێکی زۆری کراوە و بووەتە باسی میسڕییەکان و وەک پاڵەوان وەسفی دەکەن.

میسڕییەکان دەیانویست لە یەک بابەت دڵنیاببنەوە، ئەویش بەناوبانگبوونی سەڵاح، کاریگەری لەسەر کەسایەتییە عەرەبییەکەی نەبووبێت، شوێنی رەچەڵەکی خۆی لەبیر نەکردبێت. چونکە سەڵاح یەکێکە لەو کەسایەتییە عەرەبیانەی کە زۆر کەمن، میدیاکانی رۆژئاوا گوێیان بۆ بگرێت و کاریگەری دروست بکات.

هەرچەندە سەڵاح یاری بۆ یانە گەورەکانی میسڕی وەک زەمالیک و ئەهلی نەکردووە، بەڵام پێگەیەکی تایبەتی هەیە و هەرگیز بەشداری لە گفتوگۆییە خێڵەکییەکانی وڵاتەکەی نەکردووە، بۆیە پێگەیەکی بەرزی هەیە و دەستیان پێی ناگات.

سەڵاح سەرکردایەتی میسڕی کرد و دوای 28 ساڵ گەیاندییە مۆندیالی 2018ی رووسیا. چونکە تاکە گۆڵی هەڵبژاردەی میسڕی لە پاڵاوتنەکان لە بەرامبەر کۆنگۆ کرد.

بەر لە مۆندیالی 2018 تەواوی میسڕییەکان لە کەیسی ناکۆکی نێوان یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ و سەڵاح، پاڵپشتی ئەستێرەکەیان کرد. کێشەکەیان لەسەر مافی بڵاوکردنەوەی وێنە بوو، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی، خەڵک فشاری لە دەزگاکانی حکومەت کرد، تاوەکو بە مەرجەکانی سەڵاح رازی بن.

کاریگەری سەڵاح لە ساڵی 2019 بەڕوونی دەرکەوت، کاتێک یەکێتیی تۆپی پێی میسڕ عەمرو وەردەی لە پێکهاتەکەی دوورخستەوە، ئەمەش دوای تێوەگلانی بە کەیسێکی دەستدرێژی سێکسی. بەڵام سەڵاح تویتێکی کرد و باسی لە پێویستی پێدانی دەرفەتی دووەم بە مرۆڤ کرد، دوا دوو رۆژ جارێکی دیکە عەمرو وەردە بانگهێشتی هەڵبژاردە کرایەوە.

سەرەڕای گەورەیی کەسایەتی سەڵاح، بەڵام لەدوای رووداوەکانی ئەم دواییە و بێدەنگبوونی، زیاتر لە یەک ملیۆن فۆڵۆوەری لە فەیسبووک لەدەستدا.

جیا لەمە، محەمەد سەڵاح لەڕووی مرۆییەوە کاری گەورەی کردووە، کاتێک بە خواستن یاری بۆ فیۆرێنتینا کرد، درێسی ژمارە 74ی پۆشی، ئەمەش وەک رێزێک بۆ ئەو هاندەرانەی لە یاریگای پۆرت سەعید گیانیان لەدەستدا.

ئەگەر سەیری تایمڵاینی سۆشیال میدیای سەڵاح بکەین، دەبینین چەندین جار داوای پاراستنی ئاژەڵانی کردووە، لە کاتی بوومەلەرزەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، هەروەها مەغریب، هەڵوێستی گەورەی هەبووە.

لە گرژییەکانی ساڵی 2021ی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سەڵاح وێنەیەکی خۆی لەگەڵ مزگەوتی ئەقسا بڵاوکردەوە، هەرچەندە دواتر زانی بڵاوکردنەوەی بابەتی لەمشێوەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە قەیرانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین زۆر قووڵتر و ئاڵۆزترە لەوەی بیری لێدەکرێتەوە.

سەڵاح لە دوای ڤیدیۆکە هێرشێکی زۆری کرایە سەر، بەڵام باسم یوسف بە توندی بەرگری لێکرد و روونیکردەوە، ناکرێ محەمەد سەڵاح بۆ داپۆشینی شکستەکان بەکاربهێندرێت.

لەدوای هەموو شتێکەوە، سەڵاح هەرگیز کەسێکی سیاسی نەبووە، پێشتر بەهۆی ئاهەنگگێڕان بە جەژنەکانی سەریساڵ و کریسمس، رەخنەیەکی زۆر لە سەڵاح گیرا، بەڵام سەڵاح زۆر مرۆڤانە بیردەکاتەوە و رشتنی خوێنی مرۆڤی لەلا زۆر گرنگە.

بەلای باسم یوسفەوە، سەڵاح هەر بە ‘فەخری عەرەب’ ماوەتەوە و هەڵوێستەکانی زۆر روونن.

بابەتی زیاتر

Back to top button