ئینگلتەرا

تێن هاخ، ئۆنانا لە پێکهاتەکەی دوور دەخاتەوە

یاریگا –

ئێریک تێن هاخ، راهێنەرئ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئۆنانا لە پێکهاتەی سەرەکی تیپەکەی دوور دەخاتەوە گەر لەم بارودۆخە خراپەی ئێستای بەردەوام بێت.

تێن هاخ، هێشتا هیوادارە کە گۆڵپارێزی پێشووی ئەیاکس وەک ژمارە یەکی سەرەکی تیپەکەی بمێنێتەوە. راهێنەرە هۆڵەندییەکە لە گواستنەوەی هاوینەدا رەزامەندی لەسەر رۆیشتنی دێ خیا دەربڕی و بەڕێوبەرانی مانچێستەر یونایتد بە بڕی 47 ملیۆن پاوەند، ئۆنانایان لە ئینتەرمیلانەوە گواستەوە تاوەکوو شوێنی دێ خیا بگرێتەوە.

ئۆنانای تەمەن 27 ساڵ، لە کاتی پەیوەندی کردنیەوە بە یانە ئینگلیزییەکە ئاستێکی بەرچاوی پێشکەش نەکردووە وبەردەوام توشی رەخنە دەبێتەوە. لەنێویاندا یارییەکەیان بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگدا کە بووە هۆی شکستی تیپەکەی بە ئەنجامی 4-3 و شکستیان بەرامبەر یانەی گاڵاتەسەرای تورکی بە ئەنجامی 3-2.

شەیتانە سوورەکان لە هاوینی ئەمساڵدا بە 4.3 ملیۆن پاوەند گرێبەستی لەگەڵ بەیاندر گۆڵپارێزی تورکی واژۆکرد. بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ESPN، تێن هاخ دژی ئەوە نابێتەوە کە ئۆنانا لە پێکهاتەی سەرەکی دووربخاتەوە ئەگەر لە ئاستە خراپەکەی بەردەوام بێت. بەڵام هیوادارە ئاستی گۆڵپارێزە کامیرۆنییەکە باشتر بێت و بۆ ئێستاش پشتگیری لێدەکات.

بڕیارە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە مانگی یەکدا دەست پێدەکات، ئەگەری هەیە ئۆنانا بۆ ماوەی یەک مانگ لە مانچێستەر دوور بکەوێتەوە، بەڵام ئۆنانا هیچ ئارەزووی یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەکەی نییە لەم پاڵەوانێتییەدا. رۆی کێینی ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد لەم دواییانەدا رەخنەی لە دەستپێکە خراپەکەی ئۆنانا لە ئۆڵدترافۆرد گرت. لە لێدوانێکیدا لە پۆدکاستی Stick to Football، کێین دەڵێت:

ئۆنانا سەرەتایەکی زۆر خراپی هەبوو، گۆڵپارێز بوون لە یانەی مانچێستەر یونایتد ئەرکێکی قورسە، کاتێک هەڵەیەک دەکەیت پێویستت بەورەیەکی زۆر و کەسایەتییەکی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی بگەڕێیتەوە، ئەویش چەند هەڵەیەکی کردووە کە دەستپێکێکی باش نەبووە بۆی و پێویستی بە راهینانی زیاترە.

پێشووتر گۆڵپارێزەکانی دیکەمان بینیوە کە ناوبانگێکی گەورەیان هەبووە بۆ یانەکە بەڵام، دوای چەند هەڵەیەک، هیچ رێگەیەکیان بۆ گەڕانەوە نەبووە.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button