ئیسپانیاگرنگترین

ئاتلێتیکۆ مەدرید: ریال مەدرید کەشێکی بەرگەنەگیراو بۆ ناوبژیوانان دروست دەکات

یاریگا –

تاوەکو ئێستا لێکەوتەکانی یاری دێربی مەدرید لە نێوان ریال مەدرید و ئاتلێتکۆ مەدرید بەردەوامن.

لۆس رۆخیبلانکۆس یارییەکەی بە ئەنجامی 3-1 لە لۆس بلانکۆس بردەوە، بە درێژایی یارییەکە هەردوو یانە گلەییان لە بڕیارەکانی ناوبژیوان هەبوو و خۆیان بە ستەملێکراو دەبینی.

ئاتلێتی زۆر بە خۆخشاندنەوەی جود بێڵینگهام لە بەرامبەر ئانخێل کۆریا توڕە بوون، کە تەنیا کارتێکی زەرد بەڕووی یاریزانە ئینگلیزییەکە بەرزکرایەوە، هەرچەندە بە هۆی خۆخشاندنەکە، کۆریا لەسەر ئاستی چۆک تووشی پێکان بوو. لە بەرامبەردا کەناڵی ریال مەدرید، هێرشێکی فراوانی بۆ سەر خاڤیێر رۆخاس، ناوبژیوانی یاری دێربی مەدرید دەستپێکرد و بە هۆکاری سەرەکی دۆڕانی یارییەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ دانا.

خاڤیێل میگێل جیڵ مارتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاتلێتیکۆ زۆر لە شێوازی پڕکردنی ناوبژیوانان لەلایەن ریال مەدریدەوە تووڕەیە و پێی وایە ریال مەدرید کەشێکی دیاریکراو بۆ ناوبژیوانان دروست دەکات.

رۆژنامەی مارکا لە زاری جیڵ مارتن ئەم گوتانەی بڵاوکردووەتەوە

ریال مەدرید فێڵ لە پاڵەوانیەتییەکە دەکات، کەشێکی بەرگەنەگیراو بۆ ناوبژیوانان دروست دەکەن. ئەو بیانووانەی بۆ هێرشکردنە سەر ناوبژیوانان بەکاردەهێنن، زۆر پێکەنیناوین و بە هیچ شێوەیەک مەترسیدار نەبوون. ئەمە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر گەشەکردنی رکابەرییەکان هەیە.

لە قسەکانیدا، جیڵ مارتن بە دروستی ناوی کەناڵی ریال مەدریدی هێنا

کەناڵی ریال مەدرید زۆر دەمارگرژن، دەزانن ئەگەر قسەی لەم جۆرە نەکەن، هەر زوو کارەکانیان لەدەستدەدەن.

جیڵ مارتن لە بڵاوبوونەوەی قسەکانی لە رۆژنامەی مارکا پاشگەزنەبووەتەوە، لە بەرامبەریشدا ریال مەدرید تاوەکو ئێستا بە فەرمی وەڵامی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاتلێتیکۆی نەداوەتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button