ئاسیا

شۆفێری پاسەکە چۆن باسی کریستیانۆ دەکات؟

یاریگا-

شۆفێری پاسەکەی یاریزانانی نەسری سعودی لە ئیران، دڵخۆشی خۆی دەربرێ لەوەیکە شۆفێری کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێکانی بووە و لەمبارەیەوە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ئەنجامداوە.

کاروانی یانەی نەسری سعوودی نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە رێگەی فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینیەوە گەیشتە تاران، کە دوو پاسی زەرد بە لۆگۆی یانەکەوە بۆ گواستنەوەی یاریزانەکان لە فڕۆکەخانەوە بۆ هۆتێل دابین کرابوو.

دوو پاسی زەرد بۆ نەسر و دوو پاسی سوور بۆ پێرسپۆلیس لە شاری قومەوە هاتبوون، مەجید یەعقوبی، شۆفێری پاسی تیپی نەسری سعودی، کە وێنەکانی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا بڵاوبوەتەوە و تەنانەت پەیجی ساختەی بەناوی درووست کراوە بە سەدان هەزار فۆڵۆێرسەوە، بەبێ گوێدانە ئەم کاردانەوانە، باس لە رووداوە شیرینەکەی سوار بوونی رۆناڵدۆ دەکات بۆ ناو پاسەکەی.

روخساری ئەم شۆفێرە و شێوازی پێشوازیکردنی لە رۆناڵدۆ بە تەواوی هەستی ئەو لەو کاتەدا دەردەبڕێت، کە ئەو سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت:

بڕوا دەکەن رۆژێک پێش ئەوەی رۆناڵدۆ سواری پاسەکەم بێت، من نەخەوتبووم و تەنانەت دوو رۆژ دواتریش هەر نەمتوانی بخەوم!

شۆفێری پاسی یاریزانانی نەسر سەری سوڕماوە لە هەڵسوکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی ئەستێرە پورتوگالییەکە لەگەڵ کەسانی دەوروبەری و دەڵێت:

“ئەو هەڵسوکەوتی هێندە گەرم و گووڕ بوو کە من عاشقی بووم”. بەڕاستی چێژم لێبینی. لەگەڵ هەمووان میهرەبان بوو، هەرکەسێک دەستی دەجووڵاند کاردانەوەی هەبوو. باوەڕم نەدەکرد رۆناڵدۆ ئەوەندە کەسێکی سادە بێت و رەفتاری هەر وەک کەسێکی ئاسایی بێت، من هەستم دەکرد کەسێکی خۆبەزلزان بێت.

رۆناڵدۆ پەیوەندییەکی گەرمی لەگەڵ منداڵان هەبوو لەناو هۆتێلەکەو تەنانەت لە رێگەکەش، کە ئەم شۆفێرە ئاماژە بە هەمان بابەت دەکات و دەڵێت:

“ئەو زۆر لەگەڵ منداڵەکان نزیکتر بوو، لە هەر بارودۆخێکدا و تەنانەت ئەگەر قەرەباڵغیش بووایە هەرچی منداڵەکان داوایان لێکردبا دەیکرد. وێنەی لەگەڵیان دەگرت و واژووی بۆیان دەکرد.

دوایین وێنەی هاندەرانی رۆناڵدۆ لە فڕۆکەخانە و لەکاتی گەڕانەوەدا تۆمارکراون و ئەم شۆفێرەش باسی ئەو ساتە دەکات و دەڵێت:

لە دوا ساتەکاندا هەندێک منداڵ هاتن بۆلای و وێنەیان لەگەڵیدا گرت و بێگومان منیش لە هەمان کاتدا واژۆم لێی وەرگرت.

بابەتی زیاتر

Back to top button