ئینگلتەرا

گواردیۆلا کاپتنەکەی ئارسیناڵی دەوێت

یاریگا –

گاری نێڤڵ بەرگریکاری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتد، پێی وایە مارتن ئۆدیگارد یەکەم هەڵبژاردەی پێپ گواردیۆلایە لە  ئارسیناڵ.

شەوی رابردوو لە چوارچێوەی هەفتەی پێنجەمی پریمەرلیگ دا، ئارسیناڵ توانی بە گۆڵێک بەربەستی ئیڤەرتۆن تێپەڕێنێت، ئۆدیگاردیش دیسان ئاستێکی نایابی لەم یارییەدا پێشکەش کرد.

ئەم یاریزانە لە وەرزی رابردوو و وەرزی نوێدا بووەتە ئەستێرەیەکی بێ مشتومڕی تیپەکەی و بوونی لە یاریگاشدا بۆ میکێل ئارتێتا زۆر گرنگە. هەروەها ئارتێتا هیوادارە کاپتنی یانەکەی بە زووترین کات گرێبەستێکەی لەگەڵ ئەم یانەیە نوێ بکاتەوە.

لە لێدوانێکیدا بۆ سکای سپۆرت، نێڤڵ سەبارەت بەو یاریزانە نەرویجییە گوتی:

کاتێک بیر لە جوانترین ئاستەکان دەکەمەوە کە لەماوەی حەوت هەشت ساڵی رابردوودا لە خولی ئینگلیزیدا بینیومانە، کیڤن دی برۆین و دەیڤد سیلڤا دێنە مێشکم. ئۆدیگارد هێشتا لەو ئاستەدا نییە، بەڵام ئەو توانایەی زۆری هەیە.

ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە چێژ لە سەیرکردنی یارییە نەرم و جوانەکەی وەردەگرم. هەمیشە دەمزانی یاریزانێکی زۆر بەتوانایە، بەڵام ئێستا باسی کوالیتییەکی زۆر جیاواز دەکەین کە خاوەنییەتی.

نێڤل لە درێژەی قسەکانیدا گوتی:

پێم وایە هێواش هێواش پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێ. ئەگەر پێپ گواردیۆلا بیەوێت یاریزانێک لە ئارسناڵ هەڵبژێرێت و بیباتە تیپەکەی، بێ گومان لە چاوتروکانێکدا ئۆدیگارد هەڵدەبژێرێت. ئەو دەتوانێت لە سیتی بدرەوشێتەوە، چونکە بەردەوام باشتر و باشتر دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button