ئه‌وروپائیتاڵیائیسپانیاچامپیۆنزلیگ

سیمیۆنی: پێشتر زۆرمان چەشتووە بەدەست ڕۆناڵدۆوە!

یاریگا- لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی پێش یارییەکەیان بەرامبەر یوڤێنتوس، دیێگۆ سیمیۆنی پەسنێکی زۆری کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی هێرشبەری یانە ئیتاڵییەکە کرد و ترسی خۆی نەشاردەوە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەستێرە پورتوگالییەکە.

سیمیۆنی و یانەکەی کە پێشتر و چ لە خولی ئیسپانی و چ لە چامپیۆنزلیگ چەندین جار کەوتۆتە کێبڕکێی ئەو یانەیەی ڕۆناڵدۆ یاری بۆ کردووە، زۆرترینیش سەروەختی یاریکردنی دۆن لە ڕیاڵ مەدرید، بەم شێوەیە وەسفی ئەستێرە گۆڵکارەکە: “زەحمەتە کە خۆت ئامادە بکەیت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی یاریزانێکی وەک ڕۆناڵدۆ. ئەو خاوەنی تایبەتمەندیی ناوازەیە و دڵنیایی  دەبەخشێت و هەموو یاریزانەکانیتر دەزانن لە نزیک ناوچەی سزا چی ڕوو دەدات. وەستاندنی ئەوەش بۆ خۆی شتێکی زەحمەتە. ڕۆناڵدۆ لێهاتووە لە لێدانی سەر، لە شووت لێدان، لە پاسدان و ناردنی تۆپ، خۆی دەخزێنێتە بۆشاییەکانەوە. چی بڵێم دەربارەی لێهاتووییەکانی؟ پێشتر ناڵاندوومانە بە دەستیەوە. هەندێ جار بردوومانەتەوە بەرامبەری و هەندێ جاریش دۆڕاوین.”

ڕۆناڵدۆ لە ژیانی وەرزشییدا 33 جار لە دژی ئەتڵەتیکۆ مەدرید یاری کردووە و توانیویەتی 25 گۆڵ تۆمار بکات و 8 پاسی گۆڵیش بدات بە هاوڕێکانی. ئەوەش دووەم ژمارەی گۆڵ تۆمار کردنە دۆن لە یانەیەکی تۆمار کردبێت لە دوای یانەی سیڤیا کە 27 گۆڵە. هاوکات لە کۆی ئەو 33 یارییە 16 یاری دۆن و هاوڕێیانی تێیدا براوە بوونە و 9 جار شکستی خواردووە.

ئەمشەو کاتژمێر 10ی شەو لە نێو یاریگای میترۆ پۆلیتانۆ یانەکەی سیمیۆنی میوانداریی لە یوڤێنتوس دەکات لە یەکەم یاریی کۆمەڵەکەیاندا.

بابەتی زیاتر

Back to top button