ئه‌وروپا

لیڤاندۆڤسکی لە ئاستی هەڵبژاردەکەی رازی نییە

یاریگا –

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی یانەی بارسێلۆنا، لە ئاستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی رازی نییە و پێی وایە پێویستە گۆڕانکاری تێدا بکرێت.

شەوی رابردوو هەڵبژاردەی پۆڵەندا لە قۆناغی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا 2024 رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەلبانیا بووەوە و بە ئەنجامی 0-2 شکسستیان خوارد.

ئەم شکستە لە کاتێک دابوو کە زۆرێک هەڵبژاردەی پۆڵەندایان بە براوەی ئەم یارییە دەزانی، بەڵام دۆخەکە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بوو و لیڤاندۆسڤسکی و هاوتیمییەکانی ئێستا ئەرکێکی قورسیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی سەرکەون بۆ پاڵەوانێتی یۆرۆ.

دوای کۆتاییهاتنی ئەم یارییە، لیڤاندۆڤسکی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان گوتی:

ئێمە درک بەوە دەکەین کە تووشی چ شکستێکی گەورە بووین. ئێمە خەیاڵمان نەدەکرد کە دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات. زۆر هەوڵمان دا و ویستمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین. ئێمە تێدەگەین کە هاندەرانمان بێ هیوا کرد و داوای لێبوردنیان لێدەکەین.

من هەمیشە یاریزانێکی زۆر خۆپەرست بووم، هەمیشە بەدوای باشترین ئەنجامەکاندا دەگەڕێم بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم، بەڵام ئەمە شتێک نییە کە هەمیشە بەدەستی بهێنین. لە یاریگادا باش یاریمان کرد بۆیە ئەم شکستە زۆر بە ئازارە هەمیشە لەبیر دەمێنێتەوە.

هێرشبەرەکە لە درێژەی قسەکانی گوتی:

ناتوانم  هیچ پاساوێک بۆ ئەم شکستە بهێنمەوە. هەر لە سەرەتای یارییەکەوە هەوڵی زۆرمان دا بەڵام بە پێی پێویست نەبوو. ئەوەندە دڵتەنگم کە ناتوانم باسی بکەم. دەزانین هێشتا چانسمان هەیە بەڵام دەبێت وەرزێکی نوێ دەست پێ بکەین. کاتی ئەوە هاتووە گۆڕانکاری گەورە بکەین و لەناو تیمەکەدا بەدوای چارەسەرێکی نوێدا بگەڕێین.

هەروەها گوتی:

مەبەستم لە قسەکانم ئەوە نییە کەراهێنەر بگۆڕدرێت. من باسی تیمەکە و ئەو دۆخە دەکەم کە بە گشتی تێیداین. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەسەرەتاوە ئاستێکی باشمان پێشکەش نەکردووە و دەبێت بزانین بەم دۆخەی تێیداین بە هیچ شێوەیەک سەرکەوتن بەدەست ناهێنین.

بابەتی زیاتر

Back to top button