جیهان

رێزبەندی ئەو خولانەی زۆرترین پارەیان لە گواستنەوەکاندا خەرج کردووە

یاریگا –

ئەمساڵ لالیگا بووە شەشەمین خولی جیهان لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، هەروەها یانەکانی ئیسپانیا کەمتر لەوەی پێشبینیان دەکرا بۆ کڕینی یاریزانان خەرجیان کردووە.

شەوی رابردوو بازاڕی گواستنەوەی هاوینە داخرا و وەک چاوەڕوان دەکرا پریمەرلیگی ئینگلتەرا لە رووی خەرجییەکانیەوە لە پلەی یەکەم دایە، دواتر لیگ وەنی فەرەنسی و خولی سعودی و سێریا ئەی ئیتاڵی و بۆندسلیگا و لالیگا دێن.

ئەمە کەمترین خەرجی لالیگا بوو لە وەرزی 2013-2014وە و نزیک بوو لەوەی کە تیپەکانی ئیسپانیا لە کاتی پەتای کۆرۆنادا خەرجیان کرد. شەوی رابردوو بارسێلۆنا توانی لە کاتژمێرەکانی کۆتاییدا جواو فیلیکس و جواو کانسێلۆ بە خواستن بگوازێتەوە، هەروەها گواستنەوەی وەک ماریانۆ دیاز بۆ سێڤیا، ئۆدریسۆلا بۆ سۆسیداد، ئابدێ بۆ بێتیس و ئێریک گارسیا بۆ جیرۆنا روویدا.

بەگشتی تیپەکانی ئیسپانیا 432.8 ملیۆن یۆرۆیان بۆ کڕینی یاریزانان خەرج کردووە و 477.6 ملیۆن یۆرۆیان لە فرۆشتنی یاریزاناندا بەدەستهێناوە، لەنێویاندا قازانجی 44.8 ملیۆن یۆرۆ.

ڤیاڕیال زۆرترین قازانجی هەبووە بە 99 ملیۆن یۆرۆ. هەروەها ریال مەدرید زۆرترین خەرجی لە بازاڕەکاندا کردووە بە بڕی 129.5 ملیۆن یۆرۆ. ریال 103 ملیۆن یۆرۆی بۆ بێلینگهام داوە و هەریەک لە ئاردا گولەر و برایم دیاز و خوسێلۆ پەیوەندییان بە تیپەکەوە کردوە.

لالیگا جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ پریمەرلیگ هەیە لە رووی تێچووی گواستنەوەی یاریزانانەوە، یانەکانی ئینگەڵتەرا 2.737.74 ملیار یۆرۆیان بۆ گواستنەوەی یاریزانان خەرج کردووە، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە. تا چەند ساڵێک لەمەوبەر تۆپی پێی ئیسپانیا و ئینگەڵتەرا لەسەر یەک رێگا بوون، بەڵام ئەمڕۆ هیچ بەراوردێک لە نێوانیاندا نییە. ئیسپانیا تەنها لەدوای ئینگلتەرا نییە، بەڵکو لەدوای سێریا ئەی (ئیتاڵیا) و فەرەنسا و بۆندسلیگا (ئەڵمانیا) و تەنانەت خولی پیشەگەری سعودیشەوەیە دێت.

رێزبەندی خولەکان لە رووی تێچووی گواستنەوەکانیاندا

پرێمەرلیگ: 2.737 ملیار یۆرۆ

لیگ وەن: 900.64 ملیۆن یۆرۆ

خولی سعودیە: 846.57 ملیۆن یۆرۆ

سێریا ئەی ئیتاڵی: 845.66 ملیۆن یۆرۆ

بۆندسلیگا: 767 ملیۆن یۆرۆ

لالیگا: 432 ملیۆن یۆرۆ

بابەتی زیاتر

Back to top button