ئەمڕۆ کیلیان ئێمباپێ هەموو شتێک یەکلایی دەکاتەوە
یاریگا –
ئەمڕۆ شەممەی کێلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەڕەنسی یانەی پاریس سانجێرمان داهاتووی خۆی یەکلایی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە بەرواری 26ـی ئاب، لە میانی یارییەکانی گەڕی سێیەمی خولی فەڕەنسی، یانەی پاریس سانجێرمان کاتژمێر 22:00 بە کاتی کوردستان لە یاریگای پارک دو پرێنس میوانداری یانەی لێنس دەکات.
بەپێی میدیاکانی فەڕەنسا و بەتایبەت رۆژنامەنووسی باوەڕپێکراو برونۆ سالۆمۆن، پاش یاری ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و لێنس، ئەستێرەی فەڕەنسی یانە پاریسییەکە کیلیان ئیمباپێ، قسە بۆ میدیاکان دەکات.
کیلیان دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە چارەنووسی خۆی بە تەواوەتی یەکلایی دەکاتەوە بە مانەوە لە سانجێرمان، یاخود جێهێشتنی یانەکە بەرەو ریال مەدریدی ئیسپانی.
تا ئێستا نازانرێت ئەستێرە تەمەن 24 ساڵانییەکە لە پاش یارییەکە چی دەڵێت، بەڵام هەر شتێک کە دەیڵێت دەبێت بە کۆتایی چیرۆکەکە و داهاتووی بە تەواوەتی یەکلایی دەبێتەوە.
هاوکات پێگەی فووت مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، یانەی ریال مەدرید نیازی وایە لە کۆتا هەفتەی ئەم مێرکاتۆیە ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بە یانەی پاریس سانجێرمان بکات.
فووت مێرکاتۆ، پێشبینی دەکات پەیامەکەی ئێمباپێ پەیامێکی ماڵئاوایی بێت لە پاریسییەکان، هەر بەپێی هەمان سەرچاوە، ریال مەدرید دوای ئەو یارییە ئۆفەری خۆی پێشکەش بە پاریسییەکان دەکات، ئۆفەرێک کە رەتکردنەوەی نەبێت و کۆتایی بە درامای ئێمباپێ و مێرێنگی بێنێت.
هەر لەو بارەیەوە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرت بڵاویکردەوە، ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە دانوستاندایە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکە یاخود واژۆ کردنی گرێبەستێکی نوێی درێژخایەن.