ئیسپانیا

بەهۆی گرفتی دارایی بارسێلۆنا کارێکی سەیر لە لاماسیا دەکات

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو شۆفێرانەی کە کاری گواستنەوەی یاریزانانی ئەکادیمیای لاماسیایان دەکرد کۆتایی پێهێنا.

بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا، بارسێلۆنا بەهۆی نەبوونی پارە و کێشەی داراییەوە هاوکاری شۆفێر تاکسییەکانی وەستاندووە. لەماوەی 25 ساڵی رابردوودا یانەی بارسێلۆنا گواستنەوەی یاریزانانی ئەکادیمیاکەی کە لە شاری بارسێلۆنا ناژین لە ئەستۆی خۆی گرتبوو، بۆ ئەوەی خێزانەکان ناچار نەبن خەرجی زیاتر لە ئەستۆ بگرن.

بۆ نموونە لە ساڵانی رابردوودا بارسا گرێبەستی لەگەڵ 30 ئۆتۆمبێل کە نزیکەی 40 شۆفێریان هەبوو کرد بۆ گواستنەوەی یاریزانان لە چوار شاری کەتەلۆنیا بۆ لاماسیا. یاریزانانی ئەکادیمی کە لە شارەکانی تارگۆنا و یەدا و جیرۆنا و مانرێسا دەژین پێشتر لە ماڵەکەی خۆیانەوە سواری ئۆتۆمبێلی یانەکە دەبوون و دەڕۆیشتن بۆ ئەکادیمیا و بە هەمان شێوە دەگەڕانەوە ماڵەوە، بەڵام ئێستا یانەکە چیتر گواستنەوەی یاریزانەکان لە ئەستوو ناگرێت، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە بۆ خێزانەکانیان.

مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئەم کارەی بەڕێوبەرانی بارسێلۆنای بە‌ هەڵەیەکی کوشندە و زەق ناوبردوو و هەروەها نووسیویەتی: ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە خێزانەکان منداڵەکانیان سنووردار بکەن بۆ ئەوەی بچنە ئەکادیمیاکە بەهۆی بارگرانی داراییەوە، ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بارسێلۆنا هەندێک بەهرەمەندی گەورە لەدەست بدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button