ئه‌مریکا

پێکانەکەی مێسی تاچەند مەترسیدارە؟

یاریگا –

تاتا مارتینۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمیامی، دەنگۆکانی لەبارەی پێکانەکەی لیۆنێل مێسی بە بێ بنەما وەسفکرد.

بەپێی چەند راپۆرتێکی هەواڵەکانی ئەمەریکا، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، لەکاتی مەشق و راهێنانەکانی رۆژی دووشەممە لەگەڵ ئینتەرمیامی پاژنەی پێی چەپی توشی پێکان بووە، گومانیش هەیە لەسەر بەشداریکردنی لە یارییەکەی داهاتوودا. بەڵام تاتا مارتینۆ رەتیکردەوە هیچ نیگەرانییەک لەبارەی ئەو ئەستێرەیە هەبێت.

مارتینۆ گوتی:

من بە تەواوی نەمبینی چی روویداوە، بەڵام بە خەیاڵمدا دێت ئەگەر شتێکی جدی بووایە، هەموو یاریزانەکان تووشی شۆک دەبوون و بەو پێیەی هەموویان ئاسایی بوون و نیگەران نەبوون، پێموانییە هیچ شتێکی تایبەت روویدابێت.

کەمتر لە مانگێک بەسەر دەرکەوتنی لیۆنێل مێسی لە ئینتەرمیامی تێدەپەڕێت. لە 5 یاریدا 8 گۆڵی تۆمارکردووە و دەیەوێت ئەم پرۆسەیە لە یارییەکەی بەرامبەر فیلادلفیادا بپارێزێت بۆ ئەوەی تیپەکەی ببێتە پاڵەوانی کۆتایی لیگزکاپ.

ئینتەرمیامی کە لە خوارەوەی ریزبەندی خولی MLSە، دوای ئامادەبوونی مێسی تووشی هیچ شکستێک نەبووە و لە سەرجەم یارییەکانی سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. بۆ ئەوەی ئەم تیپە بگاتە یاری کۆتایی جامی پاڵەوانیەتیەکە، دەبێت بەربەستی فیلادلفیا تێپەڕێنێت کە یەکێکە لە تیپە بەهێزەکانی ئەمریکا و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستییەکی زۆریان بە تواناکانی مێسی هەیە.

تاتا مارتینۆ پێی وایە تیپەکەی توانای بردنەوەی ناسناوی لیگزکاپی هەیە و دەڵێت: هێزی تیپی رکابەر دەزانین، بەڵام رێز لە خەونەکانیشمان دەگرین و هەوڵدەدەین بۆ بەدەستهێنانی.

بابەتی زیاتر

Back to top button