پێرێز دەیەوێت تۆلەی خۆی لە خلێفی بکاتەوە
یاریگا
کلیان ئێمباپێ بە جوڵەیەکی کیسەڵانی لە ڕیاڵ مەدرید نزیکتر و نزیکتر دەبێتەوە، هاوکات پاریس سانجێرمانیش چاوەڕێی ئۆفەرێکی زبری ڕیاڵ مەدرید دەکات و پێرێز و دار و دەستەکەشی دەیانەوێت تۆلەی خۆیان بکەنەوە.
گۆڵکارە لاوەکەی شازادەکان لە پاریس بەردەوامە لە کارەکانی وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. دوێنێ جارێکی تر لەگەڵ یاریزانە زیادەکانی پاریس سانجێرمان لە کۆمەڵگەی وەرزشی نوێی پۆئاسی مەشقی کرد و دواتر وێنەیەکی پێکەنیناوی لەگەڵیان لە ستۆری ئینستاگرامەکەی بڵاوکردەوە. ستراتیژی کیلیان زۆر ڕوونە، بڕیارە بەردەوام بێت وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت.
جل و بەرگی کیسەڵ
دوای چەند کاتژمێرێک زنجیرەیەک وێنەی لە پەیجە کۆمەڵایەتییەکانیدا بە جلی سەرتاسەری سەوزی گەردنی کیسەڵەوە بڵاوکردەوە، هەرچەندە زۆرێک لە فۆڵۆوەرەکانی بەم وێنانە سەریان سوڕ نەما. وەک چاوەڕوان دەکرا کیلیان بە زەردەخەنە و دڵخۆشی دەرکەوت، لێکچوونەکەی لەگەڵ کیسەڵە بەناوبانگەکە، کۆمێنتێکی زۆری بۆهات.
ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بە هەمان جلوبەرگەوە لە ئۆتۆمبێلەکە هاتە خوارەوە کاتێک کەمپی مەشقەکانی بەجێهێشت بۆ ئەوەی واژۆی لەسەر کۆمەڵێک هاندەرانی بکات و ئاماژەی ماڵئاواییکردنەکەی وایکرد کە ئەوە دوا یەکتر بینینیان بووە.
بەردەوامی خۆراگری
ئێمباپێ لە گەشتە ئاسیاییەکەی پاریس سانجێرمان ئامادەنەبووە، هاوکات باقی تیپەکە بەردەوامە لە گەشتەکەیان و کاتژمێرێک لەمەوبەر لە دوایین یاری گەشتی ئاسیادا، توانیان بە سەرکردایەتی نێیمار بە ئەنجامی 3-0 لە یونبۆک ببەنەوە.
ڕوونە کە ئێمباپێ هەموو ئەم بابەتە (جیابوونەوە و گواستنەوە بۆ ڕیاڵ) بۆ خێزانەکەی و پارێزەرانی جێهێشتووە. لە دوایین یاری لەگەڵ فەرەنسا لە فارۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی کرد بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی لە نامەکەیدا بۆ یانەکەی ئاماژەی پێکردووە ( گرێبەستەکەی درێژ ناکاتەوە). هەوڵەکانی پاریس سان جێرمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی دەربازبوون بە بچووکترین شێوە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە و هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم زنجیرەیە درێژ دەبێتەوە. کیلیان دەیەوێت لانیکەم لەم مانگە ئاڵۆزەی ئابدا هەموو شتێک یەکلایی بکاتەوە.
گەڕانەوە بۆ ڕاهێنانەکان
هەفتەی داهاتوو یاریزانانی پاریس سانجێرمان دەگەڕێنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ڕاهێنانەکان و پێدەچێت یاریزانی دیکەش پەیوەندی بە کامپی یانەکەیانەوە بکەن، پاریس سانجێرمان دەیەوێت بەخێرایی چیرۆکی کیلیان کۆتایی پێبهێنێت، بەڵام هیچ هەواڵێک لە ڕیاڵ مەدریدەوە نییە. یاریزانەکە تەنها مێرنگی دەوێت. لە پاریس ترسیان هەیە لە کۆتا رۆژەکانی گواستنەوەی هاوینە ڕیاڵ ئۆفەرێکی هەرزان و بێ بەها پێشکەش بکات، بۆ ئەوەی ئەوان هیچ دەرفەتێکیان نەبێت نرخی یاریزانەکە بەرز بکەنەوە.
هەڕەشەی سکاڵا
هەروەها پاریس سانجێرمان هەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ریال مەدرید لە فیفا دەکات، بە بیانۆی ئەوەی کە ریال مەدرید پێشتر لەگەڵ ئەو یاریزانە ڕێککەوتووە. سکاڵایەک کە تا ئێستا پێشکەشی هیچ لایەنێک نەکراوە. ئەو هێمنییەی کە کیلیان نیشانی دەدات و چەندین جار ڕەتکردنەوەی گفتوگۆ کردن لەگەڵ یانەکە و ڕەتکردنەوەی ئۆفەرە خەیاڵیەکەی هیلاڵی سعودی وایکردووە پاریس وا بیربکاتەوە کە گۆڵکارەکەیان لەگەڵ ڕیال ڕێککەوتووە و ساڵی داهاتوو بەخۆڕایی دەچێتە ئەم یانەیە.
توڕەیی لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، ئێمباپێ بە پێچەوانەی ئەوەی لەبەردەم کامێراکاندا پیشانی دەدات، بەهیچ شێوەیەک ڕازی نییە لە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی پاریس سانجێرمان و لەڕادەبەدەر نائومێد و ناڕەحەتە لە یانەکە. ئەمە لە کۆبوونەوە تایبەتەکان و لە تەنیایی خۆیدا نیشان دەدات. بەڵام ئێمباپێ باش دەزانێت کە دەبێت لەبەردەم هاندەران و کامێراکان ئارام دەربکەوێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئامانجەکەی بگات. جوڵە لەسەر خۆیەکانی ریال مەدرید هەموو پاریسی ترساندووە، دەگوترێت فلۆرێنتینۆ پێریز و دار و دەستەکەی تاوەکو کۆتا رۆژەکانی بازاڕی گواستنەوە هیچ هەنگاوێک بۆ گواستنەوەی ئامانجەکەیان نانێن و لە کۆتا خولەکەکان ئۆفەرێکی بێ بەها پێشکەشیان دەکەن.