ئاسۆ رۆستەم و کەریم بێنزێما رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە
یاریگا
ئەمڕۆ لە دوایین یاریی قۆناغی کۆمەڵەکانی جامی شا سەلمان کە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی شوڕتەی عێراق و ئیتیحادی سعودی رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە.
لە یانە عێراقیەکە ئاسۆ رۆستەم ئەستێرەی کورد سەرکردایەتی هێلی پێشەوەی یانەکەی دەکات و چاوەڕێ دەکرێت بۆ ئەم یارییە لە پێکهاتەی سەرەکی بێت، ئاسۆ لە دوو یاریی رابردووی یانەکەی لە هەردوو یاریی بەشداری کردووە، یاریی یەکەم وەکو یاریزانی سەرەکی و لە دووەم یاریش نیوەی دووەم بۆ ماوەی 40 خولەک بەشداری کرد.
لەلایەکی دیکەوە یانەی ئیتیحاد بە سەرکردایەتی کەریم بێنزێما هێرشبەری فەرەنسی رووبەڕووی پاڵەوانەکەی خولی نایابی عێراق دەبێتەوە، گۆڵکارە فەرەنسیەکەش لە دوو یاریی رابردووی یانەکەی لە پێکهاتەی سەرەکی بووە و لەم دوو یاریی 2 گۆڵ و 1 ئاسیستی تۆمار کردووە.
لە کۆمەڵەی یەکەمی جامی شا سەلمان، یانەی ئیتیحادی سعودی بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ لە دوو یاریی رابردوو گەیشتنی بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی مسۆگەر کردووە، لە بەرامبەردا شوڕتە 4 خاڵی هەیە و ئەو یانەیە بە یەکسانبونیش دەگاتە قۆناغی داهاتوو، بە پێچەوانەوە ئەگەر بدۆڕێت رەنگە ماڵئاوایی بکات.