عێراقکوردستان

کەرکووک راهێنەرێک و پێنج یاریزانی کوردی گواستەوە

یاریگا –

یانەی تۆپی دەستی ئافرەتانی کەرکووک، گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێک و پێنج یاریزانی کورد واژۆ کرد.

یانەی ئافرەتانی کەرکووک لە هەژماری فەرمی خۆیان بڵاویانکردووەتەوە، بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی نوێیان لەگەڵ پێنج یاریزانی کورد و راهێنەرێکی کوردیش واژۆ کردووە.

هەریەکە لە یاریزانان بەهار عوسمان، کاڵی رەوف و سەنا عیسا لە رابردوودا بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر درێسی تیپی تۆپی دەستی ئافرۆدیتی شاری سلێمانییان پۆشیوە، بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراقیش درێسی یانەکەی کەرکووک دەپۆشن.

سەنا عوسمان، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی کەرکووک

جیا لەو سێ یاریزانە یانە کوردستانییەکە گرێبەستی بریا سلێمان واژۆ کردووە، کە ناوبراو لە ساڵانی رابردوو یاری بۆ هەریەکە لە یانەکانی ئافرەتانی هەولێر و یانەی هەولێر کردووە.

پێنجەم یاریزانیش کە لە وەرزی نوێ درێسی کەرکووک دەپۆشێت، یاریزانی پێشوی یانەی زانکۆ دیاری ئەحمەدە، کە لە وەرزی رابردووی خولی نایابی تۆپی دەستی عێراق ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکەشکرد و رۆڵێکی گەورەی گێڕا لە بەپاڵەوان بوونی یانەکەی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خولەکەدا.

هاوکات هەریەکە لە یاریزانان بەهار عوسمان، کاڵی رەوف، سەنا عیسا و بریا سلێمان درێسی هەڵبژاردەی عێراقیان پۆشیوە، لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشدارییان لە پاڵەوانێتی رۆژئاوایی ئاسیا کردووە.

کوردۆ قادر، راهێنەری نوێی کەرکووک

جیاواز لە وەرزەکانی رابردوو، لەم وەرزە یانەکە راهێنەری تیپەکەی گۆڕیوە، راهێنەری پێشوی یانەی ئافرۆدێت کوردۆ قادر، وەک راهێنەری نوێی یانەکە دەستبەکار بووە و لە وەرزی نوێ سەرکردایەتی کەرکوکییەکان دەکات.

کەرکووک لە وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراقی پلەی دووەمی بەدەستهێنا، بە تۆکمەکردنی پێکهاتەکەی و گواستنەوەی یاریزانە دیارەکانی کوردستان چاوی لەوەیە لەم وەرزە نازناوەکە بەدەستبهێنێت.

بەهار عوسمان، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی کەرکووک
کاڵێ رەوف، یاریزانی هەڵبژارسەی عێراق و یانەی کەرکووک
بریا سلێمان
دیاری ئەحمەد

 

بابەتی زیاتر

Back to top button