فه‌ره‌نساگرنگترین

کیلیان ئێمباپێ وەڵامی خۆی بە لویس ئێنریکی راگەیاندووە

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یەکەمی یانەی پاریس سانجێرمان گەڕایەوە مەشق و راهێنانەکانی تیپەکەی.

ئێمباپێ ئەمڕۆ دووشەممە بە فەرمی گەڕایەوە پاریس و پەیوەندی بە یەکەی مەشق و راهێنانەکانی تیپەکەی، پێشبینیش دەکرێت لەم هەفەیە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکەی یەکلایی بکاتەوە.

ناسر خلێفی سەرۆکی یانە فەڕەنسییەکە 10 رۆژ مۆڵەتی بە ئێمباپێ دابوو تا داهاتووی خۆی یەکلایی بکاتەوە، بە رۆیشتن لە یانەکە لەم هاوینە، یاخود نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و مانەوەی لە ریزەکانی سانجێرمان.

پێگەی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، ئەستێرە تەمەن 24 ساڵانییەکەی هەڵبژاردەی فەڕەنسا ئەمڕۆ بڕیارەکەی خۆی بە لیوس ئێنریکی راهێنەری نوێی یانەکە راگەیاندووە، بە راهێنەرە ئیسپانییەکەی گوتووە دەیەوێت ئەم وەرزەش لە پاریس بمێنێتەوە.

پاریس سانجێرمان بە ئاشکرا رایگەیاندووە بە بێبەرامبەر دەستبەرداری کیلیان نابن، بۆ ئەو مەبەستەش وا بڕیارە لە چەند رۆژێکی داهاتوو فایزە لاماری، دایکی یاریزانەکە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە کۆببێتەوە.

هێرشبەرەکەی پاریس دەیەوێت تەنیا پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات، بەڵام ئەگەر لەم هاوینە پاریس جێبهێڵێت ئەوا خودی یاریزانەکە و یانە ئیسپانییەکەش بڕە پارەیەکی زیاتر لەدەست دەدەن.

ئێمباپێ ترسی لە دەستدانی ئەو پاداشتانەی هەیە کە پاریس وەک شیرینی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بەڵێنی پێیدابوو، مێرێنگیش نایەوێت پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی خەرج بکات، چاوی لەوەیە هاوینی داهاتوو بە گرێبەستێکی ئازاد بیگوازێتەوە ریزەکانی.

کیلیان لە هاوینی 2018 لە مۆناکۆی فەڕەنسییەوە بە بڕی 180 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە بۆ پاریس، بە درێسی یانەکەی ئێستای 260 یاری کردووە، 212 گۆڵی کردووە و 98 گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button