ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

نەیمار خۆی پێشکەش بە بارسێلۆنا کردووە

بە دوو هۆکار بارسێلۆنا بیرۆکەکەی رەتکردووەتەوە

یاریگا –

لەم هاوینە نەیمار دا سیلڤای بەڕازیلی خۆی پێشکەش بە یانەی بارسێلۆنا کردووە، بەڵام داواکەی رەتکراوەتەوە.

رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، نەیمار دا سیلڤای بەڕازیلی لەم هاوینە خۆی پێشکەش بە بارسێلۆنا کردووە، هەوڵیداوە بگەڕێتەوە یانە کۆنەکەی، بەڵام بارسێلۆنا بیرۆکەکەی رەتکردووەتەوە.

رۆژنامە کەتەلۆنییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بەپرسانی بارسێلۆنا بە دوو هۆکار رێگرییان کردووە لە گەڕانەوەی ئەستێرە بەڕازیلییەکە بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا.

هۆکاری یەکەم بەهۆی زۆری مووچەی یاریزانەکە بووە، کە بارسا خۆی ئێستا بە دۆخێکی دارایی سەخت تێدەپەڕێت، توانای گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانەدا نەبووە.

هۆکاری دووەمیش بۆ پارێزگاریکردن بووە لە تەبایی ژووری جل خۆگۆڕینی یانەکە، بەرپرسانی بارسا پێیانوابووە، بەهۆی کێشە زۆرەکانی نەیمار، کەشی ژووری خۆگۆڕین دەشێوێت و ناوبراو گرفتێکی زۆر دەهێنێتە یانەکە.

مۆندۆ باسی لەوەش کردووە، کێشە یاساییە بەردەوامەکانی نەیمار و کەیس و دادگاییەکانی نێوان ئەو یاریزانە و بارسێلۆنا، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی کە کەتەلۆنییەکانی سارد کردووەتەوە لە گەڕاندنەوەی نەیمار.

بەڕازیلییە تەمەن 31 ساڵانییەکە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە، کە سانجێرمان دەیەوێت لەم هاوینە دەستبەرداری ببێت و لە تیپەکەی بیکاتە دەرەوە.

بەڵام تا ئێستا هیچ یانەیەک ئامادەی گواستنەوەی نەبوو، بەو هۆیەش مانەوە لە ریزەکانی پاریس سانجێرمان تاکە چارەسەرە بۆ یاریزانەکە.

ئەوەی ئێستا جێگای دڵخۆشییە بۆ هێرشبەرەکەی پاریس، بوونی لویس ئینریکییە بە راهێنەری نوێی یانەکە، کە ئەو دووانە لە رابردوو بەیەکەوە لە بارسێلۆنا کاریان کردووە، لەیەک تێگەیشتنێکی زۆر لەنێوانیاندا هەیە، دەکرێت ئینرکی ببێت بە هۆکارێک بۆ مانەوەی نەیمار و دووبارە پێشکەشکردنی توانا راستەقینەکانی خۆی.

نەیمار لە هاوینی 2017 بە بڕی 222 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە گواسترایەوە بۆ پاریس، لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە بەشداری 173 یاری کردووە، 118 گۆڵی کردووە و 77 گۆڵیشی درووستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button