ئیسپانیا

سعودیەکان ئەمجارەیان فێرلاند مێندی دەکەنە ئامانج

یاریگا

یانە سعودیەکان ئەمجارەیان دەیانەوێت هەوڵ بۆ گواستنەوەی فێرلاند مێندی بەرگریکاری یەدەکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا بدەن.

فێرلاند مێندی بەرگریکاری بالی چەپی فەرەنسی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانیا، وەرزی رابردوو بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی کەمترین رۆڵی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی هەبوو، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی یانەکەی بیر لە فرۆشتنی بکاتەوە.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی یانە شاهانەکە ئامادەنیە دەستبەرداری بەرگریکاری فەرەنسیەکەی یانەکەی بێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی وەرزی رابردوو کەمترین سوودی لەو یاریزانە بینیوە.

رۆژنامە ئیسپانیەکە بڵاویشی کردەوە یانەیەکی سعودی پەیوەندی بە مێندی کردووە ئامادەن ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناوی یانەکە نەزانراوە، هەرچەندە ئەستەمە ئانچێلۆتی راهێنەری مێرنگی رێگە بە چوونی ئەو یاریزانەی بدات.

بابەتی زیاتر

Back to top button