ئه‌ڵمانیائینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

شێوازی یاری کردنی ئامانجەکەی لیڤەرپوول چۆنە؟ ناوەکەی ‘Szoboszlai’ چۆن دەخوێندرێتەوە؟

یاریگا –

لیڤەرپوول نزیکە لە گواستنەوەی یەکێک لە ئەستێرەکانی ئێستای تۆپی پێی ئەوروپا، ئەویش دۆمینیک سۆبۆسلای، ئەستێرەی لایپزیگە.

بەرپرسانی لیڤەرپوول لەگەڵ نوێنەرانی سۆبۆسلای کۆبوونەتەوە و باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی ئەستێرە هەنگارییەکە بۆ لیڤەرپوول کردووە.

کاپتنی هەڵبژاردەی هەنگاریا لەلایەن یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری رێدز داواکراوە و دەیەوێت شان بە شان ئەلێکسیس ماک ئالیستەر، سەرکردایەتی هێڵی ناوەڕاستی لیڤەرپوول بکەن.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لەم بابەتەدا، تەواوی وردەکارییەکان لەسەر شێوازی یاری کردن و نرخ و ئەگەرەکانی گواستنەوەی سۆبۆسلای دەخاتەڕوو.

دۆمینیک سۆبۆسلای
دۆمینیک سۆبۆسلای لەگەڵ لایپزیگ

چۆن ناوەکەی دەخوێندرێتەوە؟

بەم شێوەیە ناوەکەی بە ئینگلیزی Dominik Szoboszlai دەنووسرێت، ئەمە کێشەی لای ئینگلیز زمانەکان دروستکردووە، چونکە نازانن بە تەواوی ناوەکەکەی بخوێننەوە و هەر ئەمەش وایکردووە، دەیان بابەت لە پێگە جیاوازەکان، لەسەر چۆنیەتی خوێندنەوەی ناوەکەی دروست بکرێن.

لە زمانی هەنگاری کاتێک پیتەکانی S و Z بە دوای یەکەوە دێن، بە (س) دەخوێندرێتەوە، کەواتە ناوەکەی ‘سۆب-ۆس-لای’ دەخوێندرێتەوە.

لەم ڤیدیۆیەی خوارەوە، هاراستی ئادام، رۆژنامەنووسێکی وەرزشی هەنگارییە، باس لە شێوازی خوێندنەوەی ناوی سۆبۆسلای دەکات.

شێوازی یاری کردنی دۆمینیک سۆبۆسلای چۆنە؟

ئەو ئەستێرەیەی لە لایەن یانە گەورەکانی ئەوروپاوە داواکراوە، بە پێی راستە یاری دەکات. ناوەڕاستکارێکی هێرشبەرە و دەتوانێت لە باڵەکانیش یاری بکات.

لە وەرزی رابردوودا، 24 جار لە باڵی راستە لەگەڵ لایپزیگ یاری کردووە. سۆبۆسلای هەشت گۆڵ و پێنج ئەسیستی هەبووە، کاتێک لە باڵی راست یاری کردووە. کاتێکیش وەک ناوەڕاستکاری هێرشبەر یاری کردووە، دۆمینیک پێنج گۆڵ و سێ ئەسیستی هەبووە.

لە ساڵی 2021، ئەوکات جولیان ناگلیسمان، راهێنەری لایپزیگ بووە. راهێنەرە ئەڵمانییەکە زۆر بە تواناکای سۆبۆسلای سەرسام بوو. ئەو کات لەبارەی دۆمینیک روونیکردەوە

دۆمینیک دەتوانێت لە شوێنی جیاوازی یاریگا یاری بکات، دەتوانێت وەک ناوەڕاستکارێکی هێرشبەر، باڵی چەپی دواوەی هێرشبەران یاخود باڵی چەپی ناوەڕاست یاری بکات. هەروەها سۆبۆسلای دەتوانێت بە قاچی چەپ یاری بکات، لە سالزبورگ وەک یاریزانی ژمارە 10 یاری دەکرد.

بە شێوەیەکی گشتی، سۆبۆسلای لە کۆی 91 یاریدا لەگەڵ دی رۆتن بوڵێن 20 گۆڵی کردووە.

ئەستێرە هەنگارییەکە لە دیسێمبەری ساڵی 2020 لە سالزبورگی نەمساییەوە بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە لایپزیگەوە کرد.

نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سۆبۆسلای چەندە؟

بە گوێرەی چەندین راپۆرتی جیاواز، نرخی هەڵوەشاندنەوەی سۆبۆسلای دەگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ، سالزبورگ 20%ی پارەکەی دەستدەکەوێت، چونکە گرێبەستی نێوانیان بەم جۆرە بووە.

چەندین راپۆرتی جیاواز باس لە وادەی بەسەرچوونی گرێبەستەکەی سۆبۆسلای لەگەڵ لایپزیگ دەکەن، بەڵام هیچ شتێکی فەرمی نییە.

سکای دۆچلاند بڵاویکردووەتەوە، گرێبەستی سۆبۆسلای لە 15ی تەمموزی ئەم هاوینە بەسەر دەچێت و فابریزیۆ رۆمانۆش دەڵێت، ئەمڕۆ گرێبەستی سۆبۆسلای لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە بەسەردەچێت و رێدز دەتوانێت بە گرێبەستێکی ئازاد بیگوازێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button