ئینگلتەراراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئایا سعودیە ژێر بە ژێر لەگەڵ چێڵسی رێککەوتووە؟ وردەکاری نوێ ئاشکرا دەکرێن

یاریگا –

چێڵسی سەری لە مێرکاتۆی یاریزانان شێواندووە، لە لایەک خەریکی گواستنەوەی یاریزانی بە بەهایە و لە لایەکی دیکەش، پۆل پۆل یاریزان دەنێرێتە سعودیە. باشە بۆچی هاوکێشەکە بەم شێوەیە؟ پەیوەندی نێوان تێد بۆیڵی، خاوەنی چێڵسی و گروپی کۆمپانیاکانی کلێر کاپیتاڵ و سندووقی وەبەرهێنانی گشتی چییە؟

بیرۆکەکە لەوە سەرچاوەی گرتووە، چێڵسی چۆن دەتوانێت باڵانسی یاری خاوەن رابگرێت و ئەو هەموو ئەستێرە بە بەهایە بگوازێتەوە ریزەکانی. رەنگە چێڵسی بە فرۆشتنی ئەستێرەکان بە بڕە پارەیەکی زۆر بۆ یانەکانی خولی سعودی کە – سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە – سەرپەرشتی دەکات، وا لە وەبەرهێنەرانی سعودیە بکات، وەبەرهێنانەکانیان لە گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک زیاد بکەن و بیپارێزن.

بەڵگەکان چین؟

  • چێڵسی رووپێوێکی زیانە داراییەکانی بەر لە باجی بە بڕی 121 ملیۆن پاوەند بۆ وەرزی 2021-22 بڵاوکردەوە، واتە وەرزی رابردوو 153 ملیۆن پاوەندی لە کۆی گشتیدا خەرج کردبوو.
  • ساڵی رابردوو چێڵسی لەلایەن تۆد بۆیڵی، ملیاردێری ئەمریکییەوە کڕدرا. گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک پاڵپشتی دارایی بۆیڵی دەکات و لەو ساتەوە، چێڵسی نزیکەی 600 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرج کردوە.
  • سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە، یەکێکە لە وەبەرهێنەران لە گروپی کۆمپانیاکانی  کلیر لەیک کە خاوەنی چێڵسییە. هەروەها سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە، وەبەرهێنانی لە هۆتێلکدا کردووە، کە تێد بۆیڵی خاوەنیەتی.
  • سندووقی وەبەرهێنانی گشتی ئێستا خاوەنی چوار یانەی گەورەی خولی سعودییە (نەسر، هیلال، ئیتیحاد و ئەهلی). ملیارەها دۆلاری بۆ پەرەپێدانی ئاستی یانەکە خەرج دەکات و دەستواڵا کراون لە گواستنەوەی یاریزانان.
  • ئێنگۆلۆ کانتێ، کالیدۆ کۆلیبالی، ئێدوارد مێندی، حەکیم زیاش و کالوم هۆدسن روویانکردووەتە یانەکانی سعودیە و پێشبینی دەکرێت هەریەکە لە پیێر ئێمریک ئۆبامیانگ و رۆمێلو لوکاکوش پەیوەندی بە یانەکانی سعودییەوە بکەن.

باشە چێڵسی چی دەوێت، یانەیەک دەبینین کە زۆر پێویستی بە فرۆشتنی یاریزانەکانیەتی ئەویش چێڵسییە، ئامانجی خۆی لە سعودیە دۆزیوەتەوە و پارە لە باخەڵە گەرمەکانی سەرانی سعودیە دەردەهێنێت.

لە کوردی قسەیەکی جوان هەیە، بە رۆنی خۆی سمێڵەکانی چەور دەکات !

بە دوای وەڵامی پرسیاری پەیوەندی نێوان چێڵسی و یانە گەورەکانی سعودیە دەگەڕام، لێدوانێکی کریستینا فیلیپۆ، سەرۆکی بەشی ئابووری زانکۆی پۆرتسمۆسم بینی کە لە هەمان کاتدا لە بواری تۆپی پێدا شارەزایە

بەڕاستی شتێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەمە بەشێکە لە کێشەی سندووقەکانی وەبەرهێنان. لە زۆربەی بزنسەکان بەرژەوەندی هاوبەش لەبەر چاو دەگیرێت و ژێر بە ژێر مامەڵە دەکەن. لە تۆپی پێ زۆر سەرنج لەسەر ئەم بابەتە داندراوە بۆیە بەم دواییە داوا لە خاوەنانی بزنسی وەرزشی کراوە، بە تەواوی هەژمار و خاوەنە راستەقینەکان ئاشکرا بکەن و وەرەقەیەکی نوێییان بە ناوی پەڕی سپی حکومڕانی تۆپی پێ بڵاوکردووەتەوە.

لەم بارەیەوە چێڵسی خاوەنانی راستەقینەی ئاشکرا کردووە، کاتێک دەچیتە سەر وێبسایتی کۆمپانیای خاوەنداری چێڵسی، ناوی تۆد بۆیڵی دەدۆزیتەوە، هەروەها ناوی تەواوی وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرانیش نووسراوە. هەمووی دروست و راستن.

ئەو هاوکێشەیەی پێکهێندراوە بە ناوی Tree is Blues Partners کراوە، ئەمە کۆمپانیایەکی هاوبەشە لە نێوان بۆیڵی و گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک. چێڵسی بە بڕی 2.5 ملیار پاوەند فرۆشرا و بۆیڵی لە 60%ی پارەکەی دابین کرد.

تێد بۆیڵی و بێهداد ئیقبالی
تێد بۆیڵی و بێهداد ئیقبالی لە سەرەتای کڕینی چێڵسی لە ستامفۆرد بریج.

بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی پرسیارەکانم بە تەواوی وەرنەگرتووە، کێ وەبەرهێنان لە کلیر لەیک دەکات؟ پەیوەندی بە سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیەوە چییە؟

سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە لە ساڵی 1971 دامەزراوە و یەکێکە لە گەورەترین سندووقەکانی جیهان. وەبەرهێنانێکی زۆری لە پیشەسازییەکانی نەوت و گاز و وزەدا کردووە. تاوەکو ساڵی 2014 تەنیا وەبەرهێنانی لە پیشەسازی ناوخۆدا دەکرد، بەڵام دواتر حکومەتی سعودیە رێپێدانێکی بۆ دەرکرد، تاوەکو وەبەرهێنان لە کۆمپانیا بیانییەکانیشدا بکات. ساڵێک دواتر محەمەد بن سەلمان، حەوتەم کوڕی شا سەلمان و جێنشینی سعودیە بووە دەسەڵاتداری دی فاکتۆی سعودیە.

محەمەد بن سەلمان پێشتر جێنشینی دووەم و وەزیری بەرگری سعودیە بوو، بەڵام لە ساڵی 2017 بووە جێنشینی یەکەمی شای سعودیە و ئێستا حاکمی دی فاکتۆی وڵاتەکەیە. سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە رۆڵێکی گەورەی لە سەرخستنی سیاسەتەکانی محەمەد بن سەلمان گێڕاوە. چونکە محەمەد بن سەلمان لە رێگە بانکە ئەهلییەکانەوە خەریکی هەمەچەشن کردنی ئابووری وڵاتە. لە ژێر چاودێری محەمەد بن سەلماندا، سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە زۆر فراوان بوو و قازانجەکانیشی دوو ئەوەندەی لێهات. ئێستا بووەتە کلیلی سەرەکی پەرەپێدانی وەرزش و لە ساڵی 2021 زۆربەی پشکەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزیشی کڕی.

گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک لە ساڵی 2006 لە لایەن بێهداد ئیقبالەوە دامەزرا. بارەگای سەرەکییان لە سانتا مۆنیکا، لۆس ئانجلێسە. سەرنجی سەرەکی کۆمپانیاکە لەسەر سێکتەرەکانی بەکاربەران، پیشەسازی تەکنۆلۆژیایە. لە 10 ساڵی رابردوودا بووە یەکێک لە گەورەترین وەبەرهێنەران لە کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجی ئەمریکیدا. کۆمپانیاکە یارمەتی کۆمپانیاکانی دیکە دەدات لە دانانی ستراجیەتی کارکردن و چۆنیەتی زیادکردنی فرۆشی کاڵاکانیان.

کلیرلەیک
بارەگای کۆمپانیای کلیرلەیک لە لۆس ئانجلێس.

لە 17 ساڵی تەمەنیدا، گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک وەبەرهێنانی لە 450 پڕۆژەی جیاوازدا کردووە و بڕی 75 ملیار دۆلاری خەرج کردووە. کاتێک ئیقبالی و فێلیسیانۆ 20%ی پشکەکانیان فرۆشتە سێ وەبەرهێنی دیکە. ئێستا بەهای گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک دەگاتە چوار ملیار دۆلار و لە ماوەی رابردوودا، بە شێوەیەکی خێرا گەشەی کرد.

قازانجە زۆرەکەی گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک، سەرنجی وەبەرهێنە گەورەکانی راکێشاوە و لە ماوەی رابردوودا 300 وەبەرهێنەر کە بریتیبوون لە بانک، خێزان، کۆمپانیای دڵنیایی و کۆمپانیای حکومی لە 40 وڵاتی جیاوازەوە بوونە خاوەن پشک لە گروپی کۆمپانیاکانی کلیر لەیک.

ئایا سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە وەبەرهێنانی کردووە؟

باشە ئەم وەبەرهێنانە چ پەیوەندی بە خولی ئێستای سعودییەوە هەیە؟ ئایا ئەمە چەکێکی بانکی گەورەی سعودییەکانە بۆ گواستنەوەی یاریزانانی چێڵسی بە بڕی 50 بۆ 100 ملیۆن پاوەند بۆ خولی سعودی؟ ئایا بەڕاستی ئەمە بەهای راستەقینەی ئەو یاریزانانەیە؟

وەبەرهێنێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیای ئاتلێتیکی راگەیاندووە

بابەتەکە هیچ جەوهەرێکی راستەقینەی تێدا نییە. کلیرلەیک کۆمپانیایەکی زۆر گەورەیە، بە تۆن پارەیان بۆ وەبەرهێنەران بردووەتەوە، نازانم ئەگەر سندووقی وەبەرهێنانی سعودیە وەبەرهێنانی زۆری لەو کۆمپانیایەدا کردبێت، بەڵام ئەوەی وەبەرهێنانی کردبێت، پارەی قازانجی خۆی وەرگرتووە. کڕینی بەشی زۆری پشکەکانی نیوکاسڵ کاریگەری لەسەر چێڵسی دەبێت؟ نەخێر پێم وانییە، چونکە چیرۆکە راستەقینەکە ئەوەیە، هەموو کۆمپانیا دەوڵەمەندەکانی سەر بە حکومەتەکان، کۆمپانیای گەورەی پڕ پارەن، لە ئوسترالیاوە بگرە تاوەکو دەگاتە ئەبوزەبی و کەنەدا.

یاسر رومەیان
یاسر رومەیان، سەرۆکی نیوکاسڵ یونایتد

تۆمەتەکان لەبارەی پەیوەندی نێوان سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە و چێڵسی زۆرن، کریستۆفەر دەیڤدسن، شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ئەوروپا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت

تۆمەت و دەنگۆکان هاوتەریب نین لەگەڵ کارەکانی سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە. ئەگەر سەیری سندوقە جیاوازەکانی دەوڵەتی قەتەر بکەین، دەبینین پارەی زۆر زیاتریان خەرج کردووە و چەندین کەسایەتیان وەک نێوەندگیر بەکارهێناوە، سعودییەکان هێشتا بە ئاستی قەتەر پارەیان خەرج نەکردووە.

تاوەکو ئێستا نە چێڵسی و نە پرێمەرلیگ وەڵامی تۆمەتەکانی پەیوەندییە ژێر بە ژێرەکەی یانە لەندەنییەکە و خولی سعودیە نەداوە. چێڵسیش هەر خەریکی دەستبەرداربوونی یاریزانانە بۆ خولی سعودیە. هەرچەندە کلیرلەیک بەڕوونی بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵ خولی سعودی رەتکردووەتەوە، بەڵام چاوەڕێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی پرێمەرلیگ دەکرێت.

حەکیم زیاش
حەکیم زیاش، یەکێکە لەو یاریزانانەی چێڵسی پەیوەندی بە یانەیەکی سعودییەوە کردووە.

ئێستا پرێمەرلیگ لێکۆڵینەوە بۆ هەر مامەڵەیەکی دارایی دەکات کە لە یەک ملیۆن پاوەند زیاتر بێت. بۆیە گواستنەوەکانی ئێستا و ئەو پارە زەبەلاحەی کە خەرج دەکرێت، رەنگە لەپڕ لەلایەن پرێمەلیگەوە لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکرێت و سەرچاوەی پارەکان بە ناچاری ئاشکرا بکرێت.

لە کۆتاییدا، بەدواداچوونێکی وردم بۆ تەواوی بابەتە پەیوەندیدارەکان کرد، ئەگەر بەڵگەکان کۆبکەینەوە، رەنگە گومانێک دروست ببێت کە سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە پارەیەکی زۆری لە کۆمپانیا بیانییەکان خەرج کردووە. بەڵام هەرچەندە پارەیەکی زۆری وەبەرهێنان کردبێت، ئامانجی سەرەکی لێی، بەکارهێنانی بەرژەوەندییەکانە بۆ بەدەستهێنانی چەند ئامانجێکی ئاشکرا، چونکە سعودیە ناوبانگێکی باشی لە بەڕێوەبەردنی کۆمپانیاکانی پشکداری بیانی نییە و بەردەوام لە ژێر زوومی لێکۆڵینەوەکاندا بووە.

چێڵسی یانەیەکی گەورەی جیهانییە و رێژەیەکی زۆری هاندەری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، چەندین یاریزانی هەیە کە دەیەوێت دەستبەرداریان ببێت بۆ خولێک کە خەریکە بە پارە ئەستێرە گەورەکان دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی ژێرخانی وەرزشی زیاتر پەرە پێبدات و رەنگە ببێتە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان ! ئەمەش تاوەکو ئێستا تەنیا قسەیە و پێویستە چاوەڕێ بین، بزانین داهاتوو چی بۆ لە هەگبە هەڵگرتووین.

بابەتی زیاتر

Back to top button