بازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

شیکاری.. کاتی فرۆشتنی ئێمباپێیە و ریال مەدرید دەبێ بجووڵێت

یاریگا –

کیلیان ئێمباپێ بە پاریس سانجێرمانی راگەیاند، گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە. جێهێشتنی یانەکە لەم هاوینەدا بووەتە بژاردەیەکی بەهێز

ئەم چیرۆکە دوور و درێژە، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی وێنەی مناڵێکی پڕ لە وزە کە لەسەر شوێنی خەوتنەکەی دانیشتووە و بە وێنەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەورە دراوە، ئەمە دەستپێکی چیرۆکی دروستبوونی ئەستێرەیەک بوو.

وێنەکە لە ساڵی 2017 بووە ترێندی رۆژنامەکانی ئەوروپا، ئەوکات ئەستێرە لاوەکەی مۆناکۆ بە دوای یانەیەک دەگەڕا و ئەوکات لە تەمەنی 18 ساڵیدا خۆی وەک یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی جیهان پیشاندا، ئەوکات پاریس سانجێرمانی هەڵبژارد، بەڵام بەردەوام ئەو هەستە هەبوو، رۆژێک لە رۆژان یاری بۆ ریال مەدرید دەکات و ئەم هەستە لە دڵی مەدریدییەکان ماوەتەوە و خەونی پێوە دەبینن.

شەش ساڵ دوای گواستنەوەی بۆ پاریس، شەوی رابردوو ئەستێرە فەرەنسییەکە بە دەستەی کارگێڕی یانەکەی راگەیاندووە، گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە کە لە هاوینی ساڵی داهاتوو بەسەر دەچێت، ئەمە تەنیا 12 مانگ دوای رەتکردنەوەی ئۆفەرەکەی ریال مەدرید دێت، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە تەواو گۆڕاوە.

پاریس کەوتووەتە دۆخێکی نەخوازراوەوە، ئەگەر ئێستا رێگە بە چوونە دەرەوەی نەدات، ئەوا لە هاوینی ساڵی داهاتوودا، ناچار دەبێت بە خۆڕایی دەستبەرداری ئەستێرە فەرەنسییەکە بێت. بۆیە رەنگە یانە پاریسییەکە نەیەوێت خۆی بخاتە دۆخێکی خراپتر لەوەی ئێستا تێی کەوتووە.

پێشتر پاریس لە رێگەی بەڕێوەبەری وەرزشییەکەیەوە دووپاتیکردبووەوە، بە هیچ شێوەیە بە خۆڕایی دەستبەرداری ئێمباپێ نابن و ئێستا ئەوکاتەیە کە پێویستە ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان بڕیاری یەکلاکەرەوە لەم بارەیەوە بدات.

رەنگە ئێستا کاتی ئەوەبێت، پاریس پارەیەکی زۆری لە ئێمباپێ دەستبکەوێت، چونکە بە یەکێک لە باشترینەکانی جیهان دادەندرێت. هەرچەندە لە پاریس یاری دەکرد، بەڵام بەردەوام چاوێکی لە مەدرید بوو، ئێستاش کە زۆر پێویستیان بە هێرشبەرە، ئێمباپێ بڕیاری یەکلاکەرەوەدا.

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ ناسر خلێفی لە کاتی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ

خۆشەویستەکەی پاریس

بوونی ئێمباپێ وەک کوڕە نازدارەکەی پاریس لە پی ئێس جی، هۆکارێک بووە بۆ گواستنەوەی ئەستێرەی دیاری تۆپی پێی جیهانی، راستە ئێمباپێ نەیتوانیوە نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستبهێنێت، بەڵام بووەتە بەشێک لە چیرۆکی سەرکەوتنی پاریس لە شەش ساڵی رابردوودا. بە رۆیشتنی لیۆنێل مێسی، ئەرکە قورسەکەی وەرزی داهاتوو خرابووە سەر شانی ئێمباپێ، بڕیاریشبوو لەسەر داوای ئەو، کۆمەڵێک یاریزان بگوازرێنەوە پارک دۆ پرێنس، کەچی وا دیارە ئەو هاوکێشەیە تێکدەچێت و دەبێ قەتەرییەکان سەر لە نوێ خۆیان نوێ بکەنەوە.

ئێمباپێ یەکێکە لەو یاریزانانەی بەردەوام بەرەوپێش دەچن و پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئەڵتراسی یانە پاریسییەکە هەیە، چونکە ئەڵتراسی ئەو یانەیە ئاسان نین و لە ماوەی رابردوو هێرشیان دەکردە سەر زۆربەی ئەستێرە دیارەکان، بە تایبەت لیۆ مێسی و نێیمار دا سلیڤا، کەچی منداڵە بە نازەکە دووربوو لەو هاشوهووشە و تەنانەت چەند جارێک لەگەڵیان دەرکەوت.

لە هاوینی رابردوو پەیوەندی نێوان ئێمباپێ و پاریس لە دۆخە رۆمانسییەتەوە چووە دۆخی بەرژەوەندی، ئێمباپێ سوودی لە ئۆفەرە گەورەکەی ریال مەدرید وەرگرت و داوای پارەی زیاتر، دەسەڵات و ئۆتۆنۆمی زیاتر لە یانە پاریسییەکە کرد. ئەوکاتە خلێفی ناچاربوو بە تەواوی داواکارییەکانی ئێمباپێ رازی بێت و گرێبەستەکەی نوێکردەوە. ریال مەدرید ئەوکات تەواوی پلانەکانی لەبارچوون، چونکە چاوێکی لە ئێمباپێ و چاوێکی دیکەی لە ئێرلینگ هالاند بوو، کەچی هەردووکی لەدەستچوو.

بەڵام ناکرێ سەرزەنشتی سەرانی پاریس بکەین، چونکە هەر کەسێک لە شوێنی ئەوان بووایە، هەمان کاری دەکرد. لە گرێبەستەکەیان بەڕوونی باس لە شایستە داراییەکان کراوە. ئەستێرە فەرەنسییەکە ساڵانە بڕی 70 ملیۆن یۆرۆی پێ دەدرێت، راستە تۆپی پێی خۆشەویستییەکی بێ وێنەی لە دڵی هاندەران دروستکردووە، بەڵام ئەوە ئێمباپێ بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ پاریس کردووە، تەواوی بەرژەوەندییەکانی خۆی پاراستووە و ئێستاش دەیەوێت ماڵئاوایی بکات.

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان

ئێمباپێ شایەنی ئەو پارەیەیە؟

ئێمباپێ باش لە تواناکانی خۆی گەیشتووە و دەزانێت تا چ ئاستێک هێزی هەیە. هاوینی رابردوو زۆر بە توندی گفتوگۆکانی لەگەڵ پاریسدا کرد، چونکە دەیزانی هێزێکی زۆری جەماوەری لەگەڵدایە و لە لایەکی دیکەش، ریال مەدرید ئامادەبوو پارەیەکی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی خەرج بکات.

وەک پێشبینی دەکرا، پاریس سانجێرمان کەوتە ژێر باری ئێمباپێ و داواکارییەکانی جێبەجێ کرد، هەندێ راپۆرت باس لە رووداوێکی سەیر دەکەن، کاتێک پاریس خەریکی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئێمباپێ بوو، یاریزانە فەرەنسییەکە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی مەدرید کرد و پێی گوت؛ ئۆفەرێکی دیکەم پێشکەش بکە با بێمە بێرنابیۆ.

ئێمباپێ بەردەوام بە هۆکارێکی ناسەقامگیری نێو پاریس هەژمار دەکرا، چونکە لە رەخنە گرتن بەردەوام بوو و تەنانەت لە دوای چوونە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن بە روونی رەخنەی لە یانەکە گرت و روونیکردووە ”پاریس سان جێرمان بەو باشییە نییە بتوانێت چامپیۆنزلیگ بباتەوە”.

پاریس سانجێرمان رەنگە بە هۆی ئاست بەرزی کیلیان لەسەر یاریگا، چاوپۆشی لە لێدوانەکانی کردبێت، چونکە سەرکردایەتی پی ئێس جی کرد بۆ بردنەوەی نازناوێکی دیکەی خولی فەرەنسی، رەنگە بەبێ گۆڵە یەکلاکەرەوەکانی، نازناوی ئەم وەرزەیان لەدەستدا دابووایە.

کیلیان ئێمباپێ
کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان

پارە بێنن و بیبەن !

بیرۆکەی دەستبەردابوون لە ئێمباپێ هەروا سادە نییە، هەرچەندە پێشتر یاریزانان داوای چوونە دەرەوەیان لە یانەکانیان کردووە، بەڵام ئەم دۆخە جیاوازە، کوالێتی و ئاستی ئێمباپێ جیاوازە و لێرە بەها قسە دەکات. ئێمباپێ یەکێک یاخود دەبێتە یەکێک لە گرانترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێ، لە بازاڕی ئێستای یاریزاناندا، سوپەستاری وەک ئێمباپێ کەمن و تەنانەت دەستبەردابوون لێیان کارێکی ئاسان نییە. بۆیە بە دڵنیاییەوە پاریس بە پارەیەکی کەم رێگە بەچوونە دەرەوەی ئێمباپێ نادات.

ئێستا دەستنیشانکردنی نرخ بە دەست پاریسە، واتە یارییەکە دەبێتە یاری ژمارەکان و ریال مەدرید ئەرکی ئاسان نابێت. چونکە هەفتەی رابردوو بڕی 103 ملیۆن یۆرۆی بۆ گواستنەوەی جود بێڵینگهام، ئەستێرەی بۆڕووسیا دۆرتموند خەرج کرد، بەو هزرەی کە لە هاوینی داهاتوودا، ئێمباپێ بە خۆڕایی دەگوازنەوە، کەچی ئێستا هاوکێشەکەی پێرێز ئاڵۆز بوو و دەبێ دەرچەیەکی دارایی بۆ ئێمباپێ بدۆزێتەوە.

بە دڵنیاییەوە بەهای ئێمباپێ لە 200 ملیۆن دۆلار کەمتر نابێت، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە، پاریس ئامادەنییە بە کەمتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ رێگە بە چوونەدەرەوەی ئێمباپێ بدات. بەڵام ئەم پارەیە بۆ یاریزانێک ئەستەمە کە تەنیا ساڵێک بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی مابێت، بەڵام ئێمباپێیە و هەموو شتێکی لێ دێت!

رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، ئێمباپێ نەیویستووە بە گرێبەستی ئازاد پاریس سانجێرمان جێبهێڵێت، بۆیە داوای لە یانە پاریسییەکە کردووە، لەم هاوینە سوود لە گواستنەوەی وەربگرن، چونکە بۆ هاوینی داهاتوو گرێبەستەکەی نوێ ناکاتەوە. کاتێکی باشی بە پاریس داوە، هەڵسەنگاندنی خۆی بکات و بیر لە رێکخستنەوەی یاریزانانی بکات.

فلۆرێنتینۆ پێرێز
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید

ریال مەدرید چی دەکات؟

بڕیارەکەی ئێمباپێ رەنگە لە کاتێکی خراپدا بێت بۆ مەدرید، هەرچەندە هەفتەی رابردوو ڤیدیۆییەکی فلۆرێنتینۆ پێرێز بڵاوبووەوە و بەڵێنی گواستنەوەی ئێمباپێی دا بەڵام نەک ئێستا بەڵکو لە هاوینی داهاتوودا، بەڵام ئێستا دۆخەکە زۆر بە خێرایی دەگۆڕێت و مەدرید پێویستی بە بڕیاری نوێیە. مەدرید لە رێگەیە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێک لەگەڵ هێرشبەرێکی ناوازە، ئەمەش دوای رۆیشتنی کەریم بێنزێما. هەریەکە لە هاری کەین، ئەستێرەی تۆتنهام و کای هاڤێرتز، ئەستێرەی چێڵسی لەسەر مێزی گواستنەوەکانی مەدرید داندراون، بەڵام ئێمباپێ هەموو پڕۆسەکانی راگرت.

ئێستا ئێمباپێ خاوەن بەرزترین مووچەیە لە ئەوروپا و هاوینی رابردوو، ئۆفەرێکی خەیاڵی ریال مەدریدی رەتکردەوە کە لە ماوەی سێ ساڵدا بڕی 232 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوت !! رەنگە ئێستا ئێمباپێ زیاتر بیر لە نازناو و دەستکەوتەکان بکاتەوە و بە کەمکردنەوەی مووچەکەی رازی بێت، ئەگەر پاریس سانجێرمان جێبهێڵێت. بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت، بە مووچەیەکی کەم رازی بێت.

ریال مەدرید بژاردەی دیکەی لەبەردەستە بۆ کەمکردنەوەی مووچەی یاریزانان و پارەدارکردنی ئۆفەرەکەی ئێمباپێ. هەریەکە لە ئۆرێلیەن چوامینی و فێدێریکۆ ڤالڤێردی لە لایەن چەندین یانەی گەورەی ئەوروپاوە داواکراون و رەنگە نرخی هەردووکیان بگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ، ئەم پارەیەش رەنگە ببێتە هاوکارێکی گەورەی پێرێز، بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ.

ریال مەدرید بەم دۆخەدا تێپەڕیوە، لە ساڵی 2013 مەسعود ئۆزێل، ئەوکات لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو، کرایە قوربانی گواستنەوەی گارێس بەیڵ. ئەوکاتە ریال مەدرید هیچ ئاوڕی لە بابەتەکانی سۆز و پابەندی و خیانەت نەکردەوە، بەڵکو بیری لە بەرژەوەندی یانەکە کردەوە و هەر ئەو هەنگاوەشی نا.

هەرچەندە رەنگە بڵێین رۆژانی گالاکتیکۆس بەسەرچوون، بەڵام ریال مەدرید پێویستی بە گواستنەوەیەکی گەورەیە، بۆ ئەوەی هیواکانی بردنەوەی نازناوەکان زیندوو بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button