ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

ریال مەدرید دووەم گرێبەستی هاوینەی واژۆ کرد

یاریگا –

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دووەم گرێبەستی هاوینەی واژۆ کرد و بەرگریکارێکی گواستەوە تیپەکەی.

کەمێک پێش ئێستا ریال مەدرید لە رێگەی پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، لەگەڵ یانەی رایۆ ڤایکانۆ گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ گواستنەوەی فران گارسیا بە گرێبەستێکی چوار وەرزە،

فران گارسیای ئیسپانی تەمەنی 23 ساڵە، لە هێڵی بەرگری باڵی چەپ یاری دەکات، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید تا هاوینی ساڵی 2027 دەبێت، تێچووەکەیشی 5 ملیۆن یۆرۆ بووە.

گارسیا لە ساڵی 2013 لە تەمەنی 14 ساڵی پەیوەندی بە ئەکادیمیای ریال مەدرید کردووە، دواتر لە ساڵی 2018 تا ساڵی 2020 یاری بۆ تیپی دووەمی یانەکە ئەنجامداوە، هەر لە ساڵی 2018 یەکەم یاری خۆیشی بە درێسی تیپی یەکەمی یانەکە کردووە.

لە هاوینی 2020 بە شێوەی خواستن پەیوەندی بە یانەی رایۆ ڤایکانۆ کرد بۆ ماوەی وەرزێک، پاش کۆتایی هاتنی وەرزەکە و لە هاوینی 2021 ڤایکانۆ یاریزانەکەی بە بڕی 2 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدرید کڕی.

بەڵام مانەوەی ناوبراو لە ڤایکانۆ زۆری نەخایاند، ریال مەدرید جارێکی دیکە یاریزانە لاوەکەی گەڕاندەوە یانەکەی بەهیوای ئەوەی چارەسەری کێشەکانی باڵی چەپی تیپەکەی بۆ بکات.

گارسیا لەم وەرزە لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 40 یاری بۆ یانەکەی کرد، توانی 2 گۆڵ بکات و 3 گۆڵیشی درووستکرد.

ئەوەی سەرنجی مێرێنگی بۆلای خۆی راکێشا ئاستە بەرزەکەی ناوبراو بوو لە تەواوی وەرزەکە، کە لە یارییە گەورەکانیش بە ئاستێکی بەرزەوە دەبینرا.

بە جۆرێک توانی بەرامبەر بارسێلۆنا گۆڵێک بکات و گۆڵێکیش درووست بکات و خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەیشی پێدرا، بە هەمان شێوە بەرامبەر خودی ریال مەدرید گۆڵێکی درووستکرد و گۆڵێکیشی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد، لەو دوو یارییەشدا خەڵاتی باشترین یاریزانی پێدرا.

هاوکات رۆژی دووشەممە 12ی حوزەیران کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ لە ریال مەدرید سیتی، مەراسیمی پێشکەشکردنی فران گارسیا وەک یاریزانێکی نوێی تیاڵ مەدرید بەڕێوەدەچێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button