ئاسیائه‌مریکائیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

دواین زانیاریەكان سەبارەت بە داهاتووی لیۆنێل مێسی

Yariga App

یاریگا –

رۆژ لە دوای رۆژ راپۆرتەكان و هەواڵەكان زیاتر و خێراتر دەبن سەبارەت بە داهاتووی لیۆنێل مێسی ئەفسانەی تۆپی پێی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، دوای بڕیاری رۆیشتنی لە یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی.

بەشێوەیەكی فەرمی و دوای كۆتاییهاتنی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان لیۆنێل مێسی ریزەكانی یانە فەڕەنسیەكەی جێهێشت و رۆژی شەممەی رابردوو كۆتا یاری خۆی بە درێسی ئەو یانەیەوە كرد.

راپۆرتە رۆژنامەوانیەكان یەك دەنگ نین سەبارەت بە داهاتووی یاریزانە ئەرجەنتینیەكە و داهاتوویان بەستووەتەوە بە یانەكانی بارسێلۆنا، ئینتەر میامی و هیلالەوە.

درەنگانی شەوی رابردوو بژاردەی ئینتەر میامی لە پێش دوو بژاردەكەی دیكەوە بوو، بەپێی رۆژنامەكان لیۆنێل مێسی لە یانەی ئینتەر میامی ئەمریكی نزیكدەبێتەوە كە خاوەنەكەی دەیڤید بێكهامی ئینگلیزیە.

رۆژنامەنووس هێرنان كاستێلۆ لە رێگەی هەژماری تایبەتی خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند مێسی یەكلایی بووەتەوە و بڕیاری كۆتایی خۆی داوە كە پەیوەندی بە یانەی ئینتەر میامی بكات و بابەتەكە كۆتایی هاتووە.

هەروەها پێگەی زە ئەتلەتیك ئاشكرایكرد چانسی پەیوەندیكردنی مێسی بە ئینتەر میامیەوە بەرەو زیاد بوون دەڕوات.

رۆژنامەكە ئەو سوود و دەستكەوتانەی ئاشكرا كرد كە ئەفسانە ئەرجەنتینیەكە وەریدەگرێت لە یانە ئەمریكیەكە، روونیكردەوە لیۆ بەشێك لەو داهاتە وەردەگرێت كە لە بەشداربووانی نوێی MLS Season Pass وەریدەگرێت لە رێگەی پاكێجی پەخشكردنی خولەكە لەسەر “Apple TV+” جگە لەوە لەوەش هاوبەشی قازانجكردنی كۆمپانیای ئەدیداس دەكات كە هاوبەشە لە خولی ئەمریكی و هەروەها دەستكەوتنی بەشێكی یانەكە دوای وازهێنانی لە یاریكردن.

هەروەها لە لایەكی دیكەوە رۆژنامەی Olé ی ئەرجەنتینی باسی لەو هۆكارانە كردووە كە یاریزانە ئەرجەنتینیەكە ئۆفەرەكەی ئینتەر میامی قبوڵ بكات، لەوانە میوانداریكردنی ئەمریكا بۆ كۆپا ئەمریكای 2024، هەروەها مۆندیالی 2026، جیا لەوانەش خولی ئەمریكی دابەزینی نیە بۆ پلە دوو، لە كاتێكدا كە لە ریزبەندی كۆتایی خولی ئەمریكی دێن لە بەشی رۆژهەڵاتدا، تۆپی پێ لەو وڵاتە لەم دواییانەدا بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش گەشەی كردووە، لە هەمووی گرنگتر مێسی لەو شارەدا دەژی كە خۆشی دەوێت و كەش و هەوایەكی گونجاوی هەیە بۆ خێزانەكەی.

لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی سپۆرت ئاشكرایكردووە هێشتا ئۆفەرەكەی بارسێلۆنا لەسەر مێزی گفتۆگۆیە لە بەردەم باشترین یاریزانی مۆندیالدا و یانە ئیسپانیەكە رەزامەندی كۆمەڵەی لالیگای وەرگرتووە سەبارەت بەو پلانە داراییەی پێشكەشیان كردووە.

رۆژنامە ئیسپانیەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بارسێلۆنا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی ئۆفەرێكی فەرمی پێشكەشی لیۆنێل مێسی بكات بەڵام گرەنتی نادات بە یاریزانەكە كە بتوانێت ناوی لە ریزەكانی یانەكەی تۆمار بكات.

پئشنیاری ئەوە كراوە كە مێسی ئۆفەرەكە قبوڵ بكات و پاشان چاوەڕوانی بارسێلۆنا بكات تا یاریزان بفرۆشێت و بتوانێت ناوی تۆمار بكات.

یانەکە پێی وایە چەند هەفتەیەکی دەوێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەم قەیرانانە، بەڵام مێسی نایەوێت زیاتر چاوەڕێ بکات، چونکە نایەوێت دووبارەبوونەوەی ئەو شتانەی لە ساڵی 2021 كە بەسەریدا روویدا دووبارە ببێتەوە، کاتێک لە كۆتاییەكانی بازاڕی گواستنەوەدا بارسێلۆنا نەیتوانی گرێبەستەكەی نوێ بكاتەوە و ناچار بوو پەیوەندی بە پاریس سان جێرمانەوە بكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button