ئینگڵته‌رابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

هاری کەین لە نێوان ریال مەدرید و مانچێستەر یەکیانی هەڵبژاردووە

یاریگا –

ئەستێرەی یەکەمی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی هاری کەین، دەیەوێت پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات.

هاری کەین لە هاوینی 2024 گرێبەستەکەی لەگەڵ تۆتنهام بەسەردەچێت، هەریەکە لە یانەکانی مانچێستەر یونایتد، بایرن میونشن و ریال مەدرید ئارەزوو دەکەن گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکەن.

لە چەند هەفتەی رابردوودا میدیاکانی ئینگڵتەڕا وا بڵاویانکردبووەوە، کە ئەستێرە ئینگلیزیەکە نایەوێت پرێمەرلیگ جێبهێڵێت و دەیەوێت یاری بۆ یانەیەکی دیکەی پرێمەرلیگ بکات، کە نزیکترین یانەش لەو یاریزانە شەیتانە سوورەکانە.

بەڵام پێگەی رێلێڤۆ و رۆژنامەی مارکا لە نوێترین هەواڵدا بڵاویانکردووەتەوە، هێرشبەرەکەی تۆتنهام ئارەزوو دەکات یاری بۆ ریال مەدرید بکات بە پێچەوانەی ئەوەی کە دەگوترا نایەوێت ئینگڵتەڕا جێبهێڵیت.

بەپێی هەمان سەرچاوە، یاریزانە تەمەن 29 ساڵانییەکەی سپێرز پێی باشترە لە بری مانچێستەر یونایتد روو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بکات، کە یاریکردن بۆ ریال مەدرید خەونێکی لە مێژینەی یاریزانەکەیە.

بە هەمان شێوەی کەین، یانە ئیسپانییەکەش ئارەزوو دەکات گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات، بە تایبەت بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی کەریم بێنزێما و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی جێهێشتنی یانەکە بەرەو سعودیە.

هەر بۆیە لە ئێستادا دەرفەتی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا زیاترە لە دەرفەتی سەرجەم یانەکانی دیکە، هۆکارێکی دیکە کە گرێبەستەکە بۆ ریال مەدرید ئاسانتر دەکات لە چاو مانچێستەر یونایتد نرخەکەیەتی.

بەوپێیەی دانیال لیڤی سەرۆکی تۆتنهام بریاریداوە هاری کەین بە کەمتر لە 150 ملیۆن یۆرۆ نەفرۆسێت بە یانەکانی پرێمەرلیگ، بەڵام ئامادەیە بە 100 ملیۆن دەستبەرداری یاریزانەکە بێت بۆ یانەیەکی دەرەوەی ئینگڵتەڕا.

ئەمەش وادەکات ریال مەدرید 50 ملیۆن یۆرۆ کەمتر خەرج بکات لە چاو مانچێستەر یونایدتی رکابەری و دەتوانێت بە تیچوویەکی کەمتر یاریزانەکە بەدەستبهێنێت.

شازادە هاری لەم وەرزەی پرێمەرلیگ رکابەرێکی سەرسەختی ئێرلینگ هالاند بووە، لە 38 یاری خولەکە 30 گۆڵی کرد و 3 گۆڵیشی درووستکرد، بە جیاوازی 6 گۆڵ لەدوای هالاند، دووەم گۆڵکاری وەرزەکە بوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button