ئیسپانیا

ئینێستا: زۆرم حەز دەکەم بگەڕێمەوە بارسێلۆنا

یاریگا –

ئینێستای تەمەن 39 ساڵ ڕایگەیاند، تیپی ڤیسێل کۆبی لە ژاپۆن جێدەهێڵێت و لە تیپێکی دیکەدا بەدوای یاری کردن دا دەگەڕێت. یاریی ماڵئاواییەکەی لەگەڵ ڤیسێل لە 1ی تەمموز لە یاریگای خۆیان بەرامبەر ساپۆرۆ دەبێت.

ئینێستا کە یەکێکە لە ئەفسانە مەزنەکانی مێژووی بارسێلۆنا، ئارەزووی خۆی دەربڕی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ یانەکەی پێشووی، هیوای ئەوەشی خواست کە چاڤی هێرناندێز، بەردەوام بێت لە راهێنەرایەتی کردنی تیپەکە بۆ ماوەی چەندین ساڵ.

ئینێستا گوتی:

وەک زۆر جار باسم کردووە زۆر پێم خۆشە لە قۆناخێکی ژیانمدا بگەڕێمەوە بۆ بارسێلۆنا، بەڵام هێشتا پێموایە ئەو ڕۆژە زۆر دوورە.

هەرورها گوتی:

دەمەوێت بەردەوام بم لە یاریکردن. هەست دەکەم هێشتا توانای یاریکردنم هەیە؛ بەڵام کاتێک ئەم وەرزەی ژیانی وەرزشیم کۆتایی دێت، سەیری ئەوە دەکەین بزانین ئەگەرەکان چین… لە سەرووی هەموو شتێکەوە هیوادارم چاڤی بۆ چەندین ساڵ وەک ڕاهێنەر بمێنێتەوە، ئەوە هەواڵێکی نایاب دەبێت بۆ تۆپی پێ.

گەڕانەوەی ئینێستا بۆ کامپ نو، هاندەرانی خۆی و بارسا لە سەرانسەری جیهان دڵخۆش دەکات. ئەو و بارسا لەیەکتر جیانابنەوە، بەڵام پلانی ئێستای بەردەوامبوونە لە یاریکردن و ئەگەری زۆرە ئەویش بۆ ئەو مەبەستە بچێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەم شێوەیە ئینێستا پێش گەڕانەوەی بۆ بارسا لەگەڵ هاوڕێکانی پێشووی لە یانەکەدا یەکدەگرنەوە، چونکە دەگوترێت سێرجیۆ بوسکێتس و جۆردی ئەلباش لە ڕێگادان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بە دوور نازانرێت هەموویان لەگەڵ مێسی لە سعودیە بەیەکەوە یاری بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button