ئیسپانیا

بەرگریکارێکی پێشوی بارسێلۆنا بە تۆمەتی تەقەکردن دەستیگرکرا

یاریگا –

بەرگریکارێکی بەڕازیلی و یاریزانی پێشوی یانەی بارسێلۆنا بە تۆمەتی تەقەکردن دەستیگرکرا.

دۆگلاس پێرێرا، بەرگریکاری پێشووی باڵی راستی یانەی بارسێلۆنا، لە بەرازیل بە تۆمەتی تەقەکردنی هەوایی دەستگیرکرا.

پێرێرا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 لە بارسێلۆنا بووە، بەڵام لە سێ ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی، بە شێوەی خواستن لە تیپە جیاوازەکاندا یاری کردووە.

ئەم یاریزانە بەڕازیلییە لە ساڵی 2019 بارسێلۆنای جێهێشت و چووە یانەی بێشکتاشی تورکی، تا ساڵی 2022 لەو یانەیە لە خولی تورکیا یاری کرد.

گڵۆبۆ سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، کە ئەم یاریزانە تەمەن 32 ساڵە لە 21ی نیسانی ئەمساڵ بەهۆی تەقەکردنی هەوایی لە پایتەختی بەڕازیل لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.

دەوترێت لە دەریاچەی پارانوا لە بەڕازیل لە ناوەڕاستی ئەم پارکەدا خەریکی بەلەم سواری بووە، لە حاڵەتێکی ئاسایی و هۆشیاردا نەبووە.

پاشان چۆتە بەشی دارستانی پارکەکە و ئەو دەمانچە بێ مۆڵەتەی کە لەگەڵ خۆیدا بوو دەرهێنا و لەوێشەوە چووە ناوچەی کەمپی یانەی سپۆرتۆ سۆل. لایەنە ئەمنییەکان داوایان لێکردووە ناوچەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام لەگەڵ هەندێک کەس تووشی شەڕ دەبێت و دواتر دەستیکردووە بە تەقەکردن لە ئاسماندا.

کەفالەت بۆ ئەم یاریزانەی پێشووەی بارسا کراوە و لە 23ی نیسان لە زیندان ئازاد کراوە، لە ئێستادا چاوەڕێی وادەی دادگایی کردنی دەکات.

داواکاری گشتی بەرازیل پێرێرای بە تۆمەتی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و تەقەکردن بە شێوەیەکی نایاسایی تۆمەتبار کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button