ئیسپانیا

چاڤی هێرناندێز پشتگیری لە ڤینیسیۆس دەکات

یاریگا –

چاڤی راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بە توندی ئیدانەی ئەو هەڵسوکەوتە ڕەگەزپەرستانەیەی شەوی رابردوو بەرامبەر ڤینیسیۆس لە یاریگای مێستایاکرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەی ئەمڕۆ چاڤیدا زۆر پرسیاریان لەسەر رەگەزپەرستی لە ئیسپانیا و سووکایەتییەکانی شەوی رابردوو لەلایەن هاندەرانی ڤالێنسیا بە ڤینیسیۆس لێکرد.

چاڤی لە وەڵامدا گوتی: بەگشتی بەداخەوە حاڵەتی ڕەگەزپەرستی لە ئیسپانیادا هەیە. بەداخەوە و مایەی شەرمەزارییە.
جێگای داخە، کە لە ساڵی 2023 شتی وا ڕوودەدات و پێویستە ئیدانە بکرێت بەبێ گوێدانە ناوی یاریزانەکە و یانەکە.
وەک ئەوەی دوێنێ شەو لەگەڵ ڤینیسیۆس ڕوویدا و تا ئێستاش کاردانەوەی یەکلاکەرەوەی ڤالێنسیام نەبینیوە. “دەبێت یەکجارەکی و بۆ هەمیشە ڕەگەزپەرستی بنبڕ بکەین”.

چاڤی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەگەر بابەتی ڕەگەزپەرستی هەبێت، پێویستە یارییەکە بوەستێنرێت. من هەمیشە وا بیر دەکەمەوە. لە تۆپی پێدا جنێو قبوڵ دەکرێت و ئەمە تاکە وەرزشە کە رووداوی لەم شێوەیەی تێدا دەبینین. من ئەوە لە هیچ وەرزش و پیشەیەکی تردا نابینم.

نانەوا یان ڕۆژنامەنووس تەحەمولی سوکایەتی ڕەگەزپەرستانە ناکات و کاردانەوەی دەبێت. سوکایەتی هەیە چونکە هیچ سزا و غەرامەیەکی دیاریکراوی بۆ نییە. کەس ناچار نییە بەرگەی ئەو جۆرە بارودۆخانە بگرێت. سوکایەتی بە کرێکارێکی بیناسازی بکە، خشت فڕێ دەداتە سەر سەرت.

پێویست ناکات لە کاتی دەوامدا بەرگەی جنێو و بێ ئەدەبی بگرم و دەبێ بڵێیت بەسە بەسە. پرسێکی پەروەردەییە. دەبێت خەڵک فێر بکەیت کە بڕیار نییە لە یاریگاکاندا سووکایەتی پێبکەن. کەس ناچێتە هۆڵی وەرزش بۆ گوێگرتن لە سووکایەتی. ئەمە بۆ کۆمەڵگا ئەرێنی نییە”.

چاڤی جارێکی تر بەرگری لە ڤینی کرد و گوتی: لێرەدا درێس گرنگ نیە. ڤینیسیۆس پێش ئەوەی یاریزانی ڕیاڵ مەدرید بێت مرۆڤە. ئەمەش لە دەرەوەی تۆپی پێیە. من وەک مرۆڤێک و یاریزانێکی تۆپی پێی پیشەگەر بەرگری لە ڤینیسیۆس دەکەم. “تێناگەم بۆچی دەبێت بەرگەی سووکایەتی بگرین”.

بابەتی زیاتر

Back to top button