ئیسپانیا

ئاراوخۆ پاڵپشتی لە گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی دەکات

یاریگا –

ڕۆناڵد ئاراوخۆ، ئەستێرەی ئۆرۆگوایی یانەی بارسێلۆنا، پاڵپشتی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ ئەم تیپە کرد و گوتی دەرگای بارسا هەمیشە کراوەیە بۆ ئەو ئەستێرە گەورە ئەرجەنتینییە.

لە ساڵی 2021 لیۆنێل مێسی بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە ماڵئاوایی لە بارسا کرد و جانتاکانی کۆکردەوە بۆ ئەوەی بچێتە پاریس چونکە بلوگرانا ڕووبەڕووی کێشەی دارایی قورس بووەوە و چیتر نەیتوانی مەرجە داراییەکانی گرێبەستەکەی دابین بکات.

ئەو یاریزانە حەوت جار براوەی تۆپی ئاڵتونی بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان یاری کردووە، بەڵام کاتەکانی لە فەرەنسا خەریکە کۆتایی پێدێت.

تا ئێستا هیچ هیوایەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نییە، گرژییە چڕەکانی پەیوەندی لیۆ لەگەڵ هاندەرانی پاریس سانجێرمان وایکردووە جیابوونەوەی لەم تیپە لەم هاوینەدا دڵنیا بێت.

زۆر یانە ئۆفەریان بۆ مێسی پێشنیار کردووە، گرنگترینیان لە ئێستادا گەڕانەوەیە بۆ بارسێلۆنا یان گواستنەوەیەتی بۆ ئەلهیلال لە سعودیە بە گرێبەستێکی خەیاڵی.

رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری ئۆرۆگوای پاڵپشتی خۆی بۆ گەڕانەوەی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بۆ بارسا ڕاگەیاند.

ئاراوخۆ گوتی: ئێمە بەزۆری باسی دەنگۆی گواستنەوەی یاریزانان ناکەین، بەڵام ئەو لیۆ مێسییە، دەرگاکانی بارسا بۆ مێسی کراوەن و هەمووان بە تامەزرۆییەوە دەیانەوێت جارێکی دیکە بیبیننەوە.

بارسێلۆنا لەم وەرزەدا بەبێ مێسی ئاستێکی تاڕادەیەک باشی پێشکەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی زوو لە چامپیۆنزلیگ دوورکەوتەوە و دواتر لە یۆرۆپالیگیش ماڵئاوایکرد، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا پێش کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە، نازناوی لالیگای لە بەرژەوەندی خۆی یەکالیی کردەوە.

هاندەرانی بارسا پێیان وایە ئەگەر وەرزی داهاتوو لیۆ مێسی بگەڕێتەوە بۆ ئەم تیپە، ئەوا بارسایەکی زۆر بەهێزتر دەبینن.

بابەتی زیاتر

Back to top button