چامپیۆنزلیگ

مۆدریچ بە پێكانەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری كردووە

یاریگا –

راپۆرتە رۆژنامەوانیەكانی ئیسپانیا ئاشكرایانكرد لۆكا مۆدریچ ئەستێرەی هێڵی ناوەندی هەڵبژاردەی كرواتیا و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە پێكانەوە بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاری كردووە.

مانچێستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحادی تایبەت بە خۆی میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامێكی گەورە و بە چوار گۆڵی بێ وەڵام لێ بردەوە، لە میانی یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێش كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

لە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا مانچێستەر سیتی رووبەڕووی ئینتەر میلان دەبێتەوە لە بەرواری 10ی مانگی داهاتوو لە ئیستانبوڵ.

بەپێی زانیاریەكانی بەرنامەی بەناوبانگی ئێل چێرینگویتۆ لۆكا مۆدریچ ئەستێرەی ریاڵ مەدرید بە پێكانەوە یاری كردووە بەرامبەر مانچێستەر سیتی ، بەهۆی ئەوەی بە تەواوی چاك نەبووبوویەوە لە دوای پێكانەكەی.

مۆدریچ 63 خولەك بەرامبەر سیتیزن یاری كرد دواتر كارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەر ئەنتۆنیۆ رۆدیگەری لە جێگای بەشداری پێكرد.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، مۆدریچ یارییەكەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجامداوە لە دوای ئەوەی كۆمەڵێك دەرزی ئازار شكێنی وەرگرتووە.

لە لێدوانی پێش یاریەكەدا ناوەڕاستكارەكەی مێرینگی ووتی كە بەتەواوی چاكبووەتەوە و ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی.

هەروەها لە دوای یارییەكە ئاشكرا بوو كە تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزیش لە باڵیدا پێكانی هەبووە و بە پێكانەوە یارییەكەی ئەنجامداوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button