ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌

ئارسیناڵ فێرلاند مێندی، بەرگریکاری ریال مەدریدی دەوێت

یاریگا –

ئارسیناڵ فێرلاند مێندی، بەرگریکاری ریال مەدریدی دەوێت و یانە ئیسپانییەکەش دەیەوێت دەستبەرداری بێت.

رۆژنامەی دەیلی میرەر بڵاویکردووەتەوە، یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەیەوێت بۆ بەهێزکردنی باڵی چەپی هیڵی بەرگری تیپەکەی گرێبەست لەگەڵ فێرلاند مێندی فەڕەنسی و بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید واژۆ بکات.

بەرگریکارە فەڕيسنییەکە بەهۆی پێکانە لەسەریەکەکانی لەم وەرزە بەشداری زۆربەی یارییەکانی یانەکەی نەکردووە، ئێدواردۆ کاماڤینگای هاونیشتیمانی خۆی جێگەی ئەوی لە پێکهاتەی تیپەکەدا پڕکردووەتەوە.

گرێبەستەکەی مێندی لە هاوینی ساڵی 2025 لەگەل ریال مەدرید کۆتایی دێت، بەهۆی دابەزینی ئاستی و پێکانە زۆرەکانی یانەکە نیازی نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، دەیەوێت بە زووترین کات دەستبەرداری بێت.

بە پێی هەواڵەکەی میرەر، ئارسیناڵ زۆر بە جدی کار بۆ ئەوە دەکات لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ یاریزانە تەمەن 27 ساڵانییەکەی مێرێنگی واژۆ بکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی باڵی چەپی بەرگری تیپەکەی.

بەپێی هەمان سەرچاوە جیا لە ئارسیناڵ یانەی تۆتنهامیش یەکێکی دیکەیە لەو یانە ئینگلیزیانەی هەوڵی گواستنەوەی ناوبراو دەدەن، بەڵام ئەگەری چوونی مێندی بۆ گەنەرز زیاترە بەهۆی ئاست بەرزی زیاتری ئەو یانەیە و بەشداریکردنی لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتووشدا.

مێندی لە هاوینی 2019 لە لیۆنی فەڕەنسییەوە بە بڕی 48 ملیۆن یۆرۆ پەیەوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، لەگەڵ ئەو یانەیەش لە 131 یاریدا بەشذاری کردووە.

نازناوێکی چامپیۆنزلیگ و دوو نازناوی لالیگا، دوو نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، نازناوێکی جامی جیهانی یانەکان، نازناوێکی جامی سوپەری ئەوروپا و نازناوێکی جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ ریالدا بەدەستهێناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button