عێراقگرنگترین

یانەی شوڕتە هۆکاری بەشداری نەکردنی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا ئاشکرا دەکات

یاریگا –

یانەی شوڕتەی عێراقی بڕیاریداوە بەشداری لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ وەرزی داهاتوو نەکات.

یانە پڕ جەماوەرەکەی عێراق، هۆکاری بەشداری نەکردنی لە وەشانی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ هۆکاری هونەری و دارایی دەگێڕێتەوە.

کەناڵی رابیعەی عێراقی لە زاری حوسێن خەرەسانی، گوتەبێژی یانەی شوڕتە، بڵاویکردووەتەوە

دەستەی کارگێڕی یانەی شوڕتە بڕیاری کۆتایی داوە و بەشداری لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بۆ وەرزی داهاتوو ناکات. بەشداری کردنی ئێمە دەبێ شایستەی یانە و تۆپی پێی عێراقی بێت، یاخود دەبێ بە تەواوی واز لە بیرۆکەکە بهێنین. ئێمە نامانەوێت تەنیا بۆ بەشداریکردن، بەشداری بکەین، چونکە بۆ شکۆی عێراق ناشرینە.

گوتەبێژی یانە عێراقییەکە روونیکردووەتەوە، کاتێک بتەوێت کێبڕکێ لەگەڵ یانەکانی وەک هیلال، دوحەیل، سەد و ئیتیحاد بکەیت، پێویستە ریزەکانی یانەکەت زۆر باش بێت و بتوانیت تەنانەت لەڕووی داراییەوە کێبڕکێیان لەگەڵدا بکەیت.

یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا، تەنیا رێگە بە بەشداریکردنی یەک یانەی عێراقی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا دەدات و لەبەر ئەوەی شوڕتە پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراقییە، پێویستە لە پاڵەوانیەتییەکە، نوێنەرایەتی عێراق بکات و ئەگەر بەشداری نەکات، رەنگە یانەی قوە جەوییەی خاوەن پلەی دووەمی وەرزی رابردوو، لە شوێنی شوڕتە بەشداری بکات.

لە دوا گەڕی خولی نایابی عێراقیدا، شوڕتەی پێشەنگدار بردنەوەیەکی گرنگی بەدەستهێنا و قوە جەوییەیش لە بردنەوەکانی بەردەوامە.

شوڕتە بە کۆکردنەوەی 58 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندیدا دێت، بە جیاوازی دوو خاڵ لەگەڵ قوە جەوییە.

بابەتی زیاتر

Back to top button