ئیسپانیاگرنگترین
ڕاستەوخۆ

مێسی و بارسێلۆنا: دەستپێکی جەنگێکی سارد

یاریگا ووردەکاری کێشە یاساییەکانی مێسی و بارسا دەخاتە ڕوو

یاریگا – دوای ١٦ ساڵ وەک یاریزانی تیمی یەکەمی بارسێلۆنا. لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و کاپتنی یانەکە بڕیاری جێهێشتنی خۆی پێشکەشی ئیدارەی بارسا کردووە، لە بڕیارێک کە هەمووان بە “چاوەڕواننەکراو” ناوی دەبەن.

بەپێی گرێبەستەکەی مێسی، یاریزانەکە دەسەڵاتی ئەوەیە هەیە بە بڕیاریکی تاکلایانە لەکۆتایی هەر وەرزێک بێت و لەگەڵ کۆتا یاری وەرز داوای جێهێشتنی یانەکە بکات، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا و درێژبوونەوەی وەرزەکە، بەرواری کۆتا یاری وەرز لە ١٠ی مانگی ٦ کرایە ٢٣ی مانگی ٨. مێسیش بە بە بەکارهێنانی ئەم خاڵەی گرێبەستەکەی بەر لەکۆتا یاری وەرز داوای کردووە یانەکەی دەستبەرداری بن.

مێسی لەڕێگەی “بورۆفاکس”ەوە بڕیارەکەی ڕەوانە کردبوو بۆ ئیدارەی بارسا. بورۆفاکس خزمەتگوزاریەکی ناردنی پۆستەیە لە ئیسپانیا کە هاوکات لەگەڵ ناردنی بەڵگەنامەکان، هەر خودی خۆی دەبێتە بەڵگەیەکی یاسایی کە یاریزانی ناوبراو داواکاریەکەی بۆ ئیدارەی یانەکە ناردووە بەر لە یاری کۆتایی وەرز. بۆ ئەوەی لەرووی یاساییەوە مێسی بتوانیت بیسەلمێنێت کە ئەو پێش کۆتایی وەرز داوای لە ئیدارەی بارسا کردووە کە دەستبەرداری بن.

بورۆفاکسەکەی مێسی
وێنەیەکی دزەپێکراوی بورۆفاکسەکەی مێسی

بەڵام لە ئێستادا بارسێلۆنا دەیانەوێت لەڕووی یاساییەوە بەرپەرچی ئەم خاڵەی گرێبەستەکەی مێسی بدەنەوە، چونکە بە گوتەی ئەوان، مێسی لە ١٠ی مانگی ٦ مافی بەکارهێنانی ئەم خاڵەی لەدەستداوە، هەربۆیەش تاکە ڕێگا بۆ ڕۆیشتنی ئەوەیە کە یانەیەک بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات کە ٧٠٠ ملیۆن یۆرۆیە. تیمی پارێزەرانی مێسیش دەکرێت بەڵگەنامەیەک بەکاربێننەوە لە دژی بارسێلۆنا، کە تیایدا بارسێلۆنا و فیفا دانیان بەوەداناوە کە کۆتایی وەرز واتا ئەوکاتە کە کۆتا یاری وەرزەکە (چامپیۆنزلیگ) ئەنجام دەدرێت، هەربۆیەش مێسی بێ هیچ کێشەیەک مافی خۆی بەکارهێناوە.

لە بەرامبەریشدا بارسێلۆنا، هەر لەڕێگەی بوروفاکسێکەوە بە مێسیان ڕاگەیاندووە کە هیواخوازن کە مێسی ژیانی پیشەگەری خۆی لە کامپ نو بەکۆتا بێنێت. بەپێی ئەو هەواڵانەش بێت کە باس دەکرێت، بارسێلۆنا دەکرێت نیازی ئەوەی هەبێت جەنگێکی یاسایی دژی مێسی هەڵبگیرسێنێت، ئەگەر مێسی ڕازی نەبێت بە مانەوەی.

شایانی باسە، هەوادارانی بارسێلۆنا و جیهانی تۆپی پێ بە گشتی کاردانەوەیان هەبووە بەرامبەر ئەم هەواڵە. شەوی سێشەممە، کۆمەڵێک هەواداری بارسا لەبەردەم کامپ نو کۆبوونەوە تا داوای دەستلەکارکێشانەوەی بارتۆمیۆ بکەن، لەولایەشەوە یاریزانانی وەک پویۆل پشتگیری خۆیان بۆ مێسی دەربریوە.

هەموو ئەم ڕووداوانەش سەرەتای ناکۆکیەکی گەورەن لەنێوان مێسی و ئیدارەی بارسێلۆنا کە ئامادەن مێسی بەبێ خواستی خۆیشی بهێڵنەوە لە یانەکەدا. چاوەڕوان دەکرێت بەیانی بارتۆمیۆ کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ساز بکات و لەوێش هەندێک بڕیاری چارەنووسساز ببیستین.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button