ئینگلتەرابازاڕی گواستنه‌وه‌

هاری کەین لە تۆتنهام دەمێنێتەوە

Yariga App

یاریگا –

هاری کەین دەیەوێت وەرزی داهاتوو لە تۆتنهام بمێنێتەوە و تا کۆتایی گرێبەستەکەی یاری بۆ سپێرز بکات.

ئەنجامەکانی تۆتنهام لەم وەرزەدا وایکردووە چانسی زۆریان نەبێت بۆ بەدەستهێنانی بلیتێکی چامپیۆنزلیگ، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەستێرەکانی ئەم تیپە لە گرگترین پاڵەوانێتی یانەکاندا بێبەش دەبن.

لەبەر ئەم هۆکارە، جارێکی دیکە هەواڵ و دەنگۆی ڕۆیشتنی یاریزانە گەورەکانی تۆتنهام لە هاوینی داهاتوودا هاتۆتە ئاراوە و وەک چاوەڕوان دەکرا ناوی هاری کەین لە لوتکەی هەواڵەکاندایە.

گرێبەستی ئێستای هاری کەین ئەستێرەی ئینگلیزی و گۆڵکاری ئینگلیزی لە هاوینی 2024 کۆتایی دێت، تەنها یەک ساڵ ماوە بۆ کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ تۆتنهام.

بەهۆی ئەو خواستە بەهێزەی یانەکانی وەک مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد و بایرن میونشن لەسەر ئەو یاریزانە هەیانە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین هەواڵ و دەنگۆ بڵاو بۆتەوە سەبارەت بە ئەگەری ڕۆیشتنی ئەستێرە ئینگلیزەکە لە کۆتایی ئەم وەرزە و گواستنەوەی ئەم یاریزانە بو یانەیەکی گەورە و دەوڵەمەند لە وەرزی داهاتوودا.

بەڵام ڕۆژنامەی تەلەگراف لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی کردووە، کە هاری کەین ئامادەیە لە کۆتا وەرزی گرێبەستەکەیدا لەگەڵ سپێرزی ئینگلیزیدا بمێنێتەوە و لە هاوینی 2024 دا وەک یاریزانێکی ئازاد ئەم یانەیە بەجێبهێڵێت.

هاری کەین هەفتانە 200 هەزار پاوەندی لە تۆتنهام دەستدەکەوێت و مانچێستەر یونایتد هەوڵدەدات بڕی 100 هەزار پاوەند بۆ ئەو ژمارەیە زیاد بکات.

ئەگەر هاری ساڵێکی تر چاوەڕێ بکات و وەکو یاریزانێکی ئازاد بچێتە تیپە نوێیەکەی، ئەوا پاداشتێکی گەورەی گرێبەستکردن وەردەگرێت و بەم شێوەیەش سوودێکی زۆری دارایی دەبێت.

جگە لە شەیتانە سوورەکان، بایرن میونشن و مان سیتی زۆر ئارەزووی گواستنەوەی هاری دەکەن، بەگوێرەی راپۆرتەکەی تەلەگراف سەرجەم کڕیارەکانی پێویستە لانیکەم وەرزێکی تر چاوەڕێ بکەن.

بابەتی زیاتر

Back to top button