ریال مەدرید لە قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ کێشەی لە هێڵی بەرگری دەبێت
یاریگا –
لە یاری چوونی قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید کێشەی لە هێڵی بەرگری دەبێت.
ریال مەدرید لە یاری چوونی قۆناخی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا لە تواناکانی باشترین بەرگریکاری ئەم وەرزەی خۆی بێبەش دەبێت.
ئێدێر میلیتاوی بەرازیلی لە یاری شەوی رابردوو بەرامبەر بە چێڵسی کارتێکی زەردی وەرگرت، ئەمەش بووە هۆی کەڵەکەبوونی ژمارەی کارتەکانی، بەو هۆیەش یارییەک سزا دەدرێت و ناتوانێت لە یاری یەکەمی قۆناخی پێش کۆتایی بەشداری بکات.
جیا لەویش یەکێکی تر لە باشترین بەرگریکارەکانی تیپەکە دەیڤد ئەلابا ئەگەری هەیە نەتوانێت بەشداری لە یاری چوون بکات، بەهۆی ئەوەی لە یارییەکەی چێڵسی لە سەرەتای گێمی دووەم بەهۆی ئازار لە ماسولکەی رانی یاریگای جێهێشت.
ماوەی دوورکەوتنەوەی ناوبراو هێشتا بە فەرمی رانەگەیەندراوە، پاش کردنی پشکنینە پزیشکییەکان ماوەی دوورکەوتنەوەکەی ئاشکرا دەکرێت، بەڵام بەپێی پێشبینییە سەرەتاییەکان پێکانەکەی سوک نییە.
پێگەی رلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، کە کارلۆ ئانچێلۆتی بۆ پڕکردنەوەی شوێنی ئەو دوو بەرگریکارە ناچار دەبێت یاری بە ئەنتۆنیۆ رودیگەر و ناچۆ فێرناندێز بکات، جارێکی تریش کاماڤینگا لە باڵی بەرگری دادەنێتەوە.
مێرێنگی لە قۆناخی پێش کۆتایی بەرامبەر براوەی یاری نێوان بایرن میونشن و مانچێستەر سیتی یاری دەکات، کە یانە ئینگلیزییەکە لە یاری یەکەم بە ئەنجامی 3 گۆڵی بێ بەرامبەر سەرکەوتنی تۆمارکردووە، چانسی زیاترە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو،