چاڤی و ئانچێلۆتی لەبارەی کلاسیکۆ چی دەڵێن؟ کێ یاری ناکات؟
یاریگا –
چاڤی هێرناندێز، دان بە قورسی یارییەکەی ئەمشەویان لە بەرامبەر ریال مەدرید دەنێت.
ئەمشەو کاتژمێر 22:00 بارسێلۆنا لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا میوانداری ریال مەدرید دەکات، بارسا لە یاری چووندا بە گۆڵێکی بێوەڵام یارییەکەی بردبووەوە.
چاڤی بەر لە یارییەکە دووپاتیکردەوە، یارییەکە ئاسان نابێت و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ بردنەوەی دەدەن
ریال مەدرید پاڵەوانی لالیگا و چامپیۆنزلیگە، بەڵام ئامانجی ئێمە لەم وەرزەدا، بردنەوەی جامی سوپەر و لالیگایە، هەموو هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی یارییەکە دەدەین، بەڵام کارەکە بەمشێوەیە ئاسان نابێت.
هەریەکە لە فرێنکی دی یۆنگ، پێدری، عوسمان دێمبێلێ و ئاندرێیاس کریستێنسن بە هۆی پێکانەوە بەشداری لە یاری کلاسیکۆی زەویدا ناکەن.
چاڤی لە بارەی بەشداری نەکردنی یاریزانەکان روونیکردەوە
هیچ شتێک ناگۆڕێت، هەمان بیرۆکەمان هەیە، ئەویش کۆنتڕۆڵکردنی تۆپە، پلانی خۆمان ناگۆڕین. ئێمە لەوان باشتر نین، ریال مەدرید دەتوانێت بە ئاسانی لە هەر یانەیەک بباتەوە، ئەوان راهاتوون و ئەزموونیان لە سەراوژێر کردنی ئەنجامی یارییەکان هەیە.
کارلۆ ئانچێلۆتی. راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت، متمانەیەکی زۆرم بە یانەکەم هەیە
لە دۆخێکی باشداین و زۆر بە پەرۆشین بۆ ئەم یارییە، چونکە متمانەیەکی زۆرمان بەخۆمان هەیە. لە هەموو وەرزێکدا، کلاسیکۆ گرنگترین یارییە بۆ ئێمە، چونکە رکابەرییەکی توندمان لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، کاتی ئەوەیە سەربکەوین و بگەینە یاری کۆتایی.
لەم وەرزەدا، بارسێلۆنا سێ کلاسیکۆی لە ریال مەدرید بردووەتەوە و ئەمە دەبێتە چوارەمین و دوا کلاسیکۆی ئەم وەرزە.