
راول گۆنزالێس ئۆفەرێکی یانەی لیدز یونایتدی رەتکردووەتەوە تاوەکو ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە.
دوێنێ لیدز، دوورخستنەوەی جێسی مارشی راهێنەری ئەمریکی راگەیاند پاش ئەوەی هیچ سەرکەوتنێکیان لە کۆتا ٧ یاری پریمەرلیگ بەدەستهێنا. ئەمڕۆ ماڵپەڕی گۆڵ، ئاشکرایکرد یانەی لیدز داوایان لە راول کردووە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ. بەڵام وەڵامی ئەستێرە مێژووییەکەی مەدرید ئەوە بووە، دەیەوێت وەکو راهێنەری تیمی دووهەمی ریاڵ مەدرید بەردەوام بێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هۆکارەی رەتکردنەوەی ئەو کارە دەکرێت ئەوە بێت، راول چاوی لەوەیە هاوینی داهاتوو جێگەی کارلۆ ئەنشلۆتی بگرێتەوە وەکو راهێنەری تیمی یەکەمی مەدرید بەهۆی ئەو سەرکەوتنانەی ئێستا لەگەڵ مەدرید کاستییا بەدەستییان دەهێنێت.