
بە تاوانبار لە قەڵەمدانی مانچێستەر سیتی لە دەیان کەیسی گەندەڵی، بابەتی گەرمی رۆژنامەکانی ئینگلتەرایە.
لەم راپۆرتەدا زانیاری تەواو لەسەر ئەو کەیسە بزانە
مان سیتی بە چی تۆمەتبارە؟
یانەکەی شێخ مەنسوڕ تۆمەتبارە بە نەناردنی تۆمارە داراییەکانی یانەکە بە گشتی و بە تایبەت داهاتی سپۆنسەرەکان و ئەو داهاتانەی لەرێی کەمکردنەوەی خەرجییەکان دەستیان کەوتووە.
هەروەها، شاردنەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ راهێنەر و یاریزانەکانیان و ئاشکرانەکردنی ئەو خاڵانەی پەیوەندییان بە لایەنی داراییەوە هەیە.
کۆتا تۆمەتیش ئەوەیە ساڵانێکە لێکۆڵینەوە لەو یانەیە دەکرێت و تا ساتی بە تاوانبار لە قەڵەمدانی هیچ هاوکارییەکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکانی نەکردووە و خۆی لێ شاردووەتەوە.
ئایا دەکرێت ئێستا سزابدرێت بۆ تاوانێک لە ٢٠٠٩ کرابێت؟
بەگوێرەی دان چاپمان، پارێزەری پسپۆڕ لەبواری وەرزشیدا، هیچ یاسایەک نیە رێگر بێت لەوەی کە پریمەرلیگ ئێستا سزای مان سیتی بدات بۆ تاوانێک لە ٢٠٠٩ کرابێت، بەڵام چاوەڕواندەکرێت پارێزەرانی یانەکە هەوڵ بدەن بەشێوەیەک لە شێوەکان ئەوە بکەنە خاڵی بەرگری خۆیان کە بۆ ئێستا پریمەلیگ قسە دەکات.
لێکۆڵینەوەکان لە ٢٠١٨ دەستییان پێکردووە بەڵام پێداچوونەوەیە بەسەرجەم دۆسییەکانی یانەکە لە ساڵی ٢٠٠٩ ـەوە.
چ سزایەک چاوەڕێی مان سیتی دەکات؟
دان چاپمان بۆ ٩٠ خولەک لەوبارەیەوە وتی
“ئەگەر ئەم تۆمەتانەی پریمەرلیگ پشت راستبکرێنەوە، ئەو خولە لە یاساکانیدا مەودایەکی زۆری سزادانی هەیە. لە سزای داراییەوە دەست پێدەکات بۆ شکاندنی خاڵ تاوەکو دەرکردنی لە پریمەرلیگ. پێشینەیەکی لەم شێوەیە لە پریمەرلیگ نەبووە تا بە دڵنیایی بزانین سزاکەیان چی دەبێت بەڵام نزیکترینیان یانەی کوینز پارک رێنجەرز بوو کە بە ٤٢ ملیۆن پاوەند سزادران.
شتێکی تر کە گرنگە ئەوەیە سزاکە هەرچییەک بێت ئەگەری کەمکردنەوەی هەیە لەرێگەی رێککەوتنی هەردوولا. پێشتر مان سیتی بە دوو ساڵ سڕکردن لە چامپیۆنزلیگ و ٣٠ ملیۆن یۆرۆ سزادرا، بەڵام لەرێگەی تانەدان لە بڕیارەکە و رێککەوتنی هەمەلایەنە، کەمکرایەوە بۆ تەنیا ١٠ ملیۆن یۆرۆ.
جیاوازییەک هەیە لە کەیسی پێشوویان لەگەڵ یوفا وئەمجارە لەگەڵ پریمەرلیگ، ئەویش ئەوەیە لەوکاتەدا یوفا یاسایەکی هەبوو کە یانەیەک تەنها بۆ پێنج ساڵ پێش خۆی دەکرێت تۆمەتەکانی هەژماربکرێت بەڵام پریمەرلیگ ئەو یاسایەی نیە”.
ئەگەر دووربخرێتەوە لە پریمەرلیگ، لە چ خولێک یاری دەکات؟
یانەی مانچێستەر سیتی ناتوانێت لە هیچ خولێکی دەرەوەی ئینگلتەرا یاری بکات، لە ئینگلتەراش لەدوای پریمەرلیگ خولی چامپیۆنشیپ هەیە. بەڵام بەگوێرەی تەلەگراف، دوورخستنەوەی یانەکە لە پریمەلیگ مانای ئەوە نیە دەتوانێت لە چامپیۆنشیپ یاری بکات و ئەو خولە بە هیچ یاسایەک ناتوانرێت ناچاربکرێت مان سیتی وەربگرێت.
دواتر چی روودەدات؟
بەو پێیەی مان سیتی تۆمەتبارە بە دەیان کەیسی جیاواز، چاوەڕواندەکرێت بەلایەنی کەم لە ژمارەیەک کەیسی زۆردا تاوانبار دەربچێت. جگە لەو سزایانەی پێشتر باسکران، دەکرێت ئەم سزایەنەش یانەکە بگرێتەوە:
- دووبارەکردنەوەی یارییەکان
- سڕکردنی یانەکە لە گواستنەوەی یاریزانان