راهێنەرەکەی سالێرنیتانا دوای دوو رۆژ گەڕێندرایەوە سەر کارەکەی

یاریگا-دەیڤد نیکۆڵا راهێنەری یانەی سالێرنیتانا گەڕێندرایەوە سەر کارەکەی پاش دوورخستنەوەی بەر لە دوو رۆژ.
نیکۆڵا دەرکرا بەهۆی شکستەکەیان لەدژی ئەتەڵەنتا بە ئەنجامی ٨-٢. ئەو یانەیە لەگەڵ چەندین راهێنەر کەوتنە گفتوگۆ لە نێویاندا رافا بینیتێز بەڵام گفتوگۆکانیان بێ ئاکام بوون و سەرەنجام راهێنەرەکەی خۆیان گەڕاندەوە.
دەیڤد لە پێگەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسی “راستییەکەتان پێدەڵێم، شەوی رابردوو سەرۆکی یانەکە پەیوەندی پێوەکردم، بەشێوازە دۆستانە و جوانەکەی خۆی تێیگەیاندم کە بۆ ئەو بڕیارە قورسەی داوە و منی دوورخستووەتەوە پاش یارییەکەی ئەتەلەنتا، منیش داوای لێبوردنم لێکرد و بەرپرسیارییەتی ئەو شکستەم لە ئەستۆ گرت. داوام لێکرد متمانەم پێبداتەوە چونکە من ئەم یانەیەم لە ناخی دڵمەوە خۆشدەوێت و سوپاسی ئەو متمانەیە دەکەم کە بەوە رازی بوو”.
سالێرنیتانا لە پلەی ١٦هەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵی دێت بە ١٨ خاڵ لە ١٨ یاریدا.