مەهدی تارەمی پەیامێکی توند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێرانی دەکات
یاریگا–
مەهدی تارەمی، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئێران و یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی، پەیامێکی توند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی دەکات و، داوا دەکات چیدیکە گەنجی وڵاتەکەی لە سێدارە نەدرێت.
گۆڵکارەکەی هەڵبژاردەی ئێران و یانە پۆرتوگالیەکە لە تویتێکدا لە هەژمارەی فەرمی خۆی زۆر بە توندی هێرشدەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی نوسیویەتی ” دادپەروەری بە پەتێک جێگیر نابێت، ئێمە ئەوەندە گەندەڵکار و تاوانبارمان لە زینداندا هەیە، کە دادگاییکردنەکەیان چەند ساڵێک دەخایەنێت. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم گەنجە ستەملێکراوانە لە بنەماڵەی لاوازن و دەستیان کورتە، بە سێ تۆمەت لە سێدارە دەدرێن، بەسە بەسە. کام کۆمەڵگا هەموو ڕۆژێکی بە خوێنڕشتن و لەسێدارەدان ئارامی بەرقەرار دەبێت ”.
ئەم پەیامەی مەهدی تارەمی لە کاتێکدا، ماوەیەکە بەهۆی کوشتنی مەهسا ئەمینی خانمە کوردەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژانە خۆپیشاندان دەکرێت و، چەندینجاریشە ئەو یاریزانە پاڵپشتی خەڵکی وڵاتەکەی دەکات.