ئەمڕۆ یەکشەممە کۆتایی بەگەڕی 33ـی خولی نایابی عێڕاق دێت و یانەی نەورۆز لە یاریگای زانکۆ لە شاری سلێمانی کاتژمێر 4 میوانداری یانەی نەجەف دەکات، نەورۆز لە قۆناغی دووەمی خولەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە و هەفتەی ڕابردووش سەرکەوتنی بە سەر یانەی شوڕتەی خاوەن ناسناوی ئەم وەرزەی خولی نایابی عێڕاق تۆمار کردبوو.
وەلی کەریمی ڕاهێنەری یانەکەی شاری سلێمانی لە سەرەتای قۆناغی دووەمی خولەکەوە بەڵێنی ئەنجامی باشی بە هاندەرانی یانەکە دا و بە هێنانی چەند یاریزانێکی پیشەگەری بە توانا ئامانجی خۆی و یانەکەی پێکا، نەورۆز بە 42 خاڵ لە پلەی نۆیەمە و نەجەف بە 51 خاڵ لە پلەی حەفتەم دێت.
لە نێو یاریگای دهۆك یانەی زاخۆ بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی و کاتژمێر 4ـی ئێوارە ڕووبەڕووی یانەی نەفتی ناوەڕاست دەبێتەوە، زاخۆ لەم یاریەدا بێ بەش دەبێت لە تواناکانی هەریەک لە یاریزانان ( کامبۆئۆلیڤرا و هیلیومۆنتێڕۆ) بە هۆی بوونی کارتی ڕەنگاو ڕەنگ.
ئەم یاریە گرنگی تایبەتی بۆ یانەی نەفتی ناوەڕاست هەیە کە ئێستا بە 61 خاڵ لە پلەی سێیەمە و مەبەستیەتی وەرزی داهاتوو بەشداری پاڵەوانیەتیەکی ئاسیاوی بکات، هەرچی یانەی زاخۆیە بە 43 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولی نایابی عێڕاق دێت.